لە فەلوجە 130 كەس بەهۆی نانخواردنەوە لە خواردنگەیەكی خێرا ژەهراوی بوون و تەندروستی ئەنباریش دەڵێت، خواردنگەكە گۆشتێكی خراپبووی بەكارهێناوە و لەئێستاشدا داخراوە.
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ئەنبار بڵاویكردەوە، بەهۆی نانخواردنەوە لە خواردنگەیەكی خێرا لە شاری فەلوجە، 130 كەس ژەهراویبوون و گەیەنراونەتە نەخۆشخانە، لەنێویشیاندا ژن و منداڵ هەن.
ئەوەشی خستەڕو، لە بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكاندا بۆ رووداوەكە دەركەوتووە، ئەو گۆشتەی لە خواردنگەكەدا بەكارهاتووە خراپ بووە و ئەوەش هۆكاری ژەهراوی بوونەكە بووە، لەئێستاشدا رێوشوێنی یاسایی بەرانبەر خواردنگەكە گیراوەتەبەر و داخراوە.
تەندروستی ئەنبار دەشڵێت، لەو 130 حاڵەتە ژەهراویبوونەی تۆماركراوە 100 حاڵەتیان چارەسەری پزیشكی پێویستیان بۆ كراوە و نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە، 30 حاڵەتەكی تریش لەژێرچاودێری پزیشكیدان، بەڵام پێشبیندەكرێت لە چەند سەعاتی داهاتوودا ژمارەی حاڵەتەكانی ژەهراویبوون بەهۆی ئەو نانخواردنەوە لەو خواردنەگەیە زیاتربێت.