یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق ئاشکرای کردووە، ھێزێکی سەربازی ھەواڵگری بە پشتبەستن بە زانیارییەکانیان مۆڵگەیەکی تیرۆریستانی داعشیان لە چیای قەرەچووغ خاپوور کردووە و بەھۆیەوە تیرۆریستێک کوژراوە.
لەلایەکی ترەوە سەرچاوەیەک ئاشکرای کردووە، ھێزێکی سوپای فەڕەنسا لە کانیاوی غەزەرات بەرامبەر گوندی قەڵاتە لە چیای قەرەچوغ لە کاتی پشودانیان تیرۆریستێکی داعشیان بینیوە و کوشتوویانە.
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ئەو ڤایرۆسەی دووچاری ماسی بووە ناوی (کەی ئێچ ڤی)یە و ساڵانە بەھۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرماوە بڵاو دەبێتەوە و ئەنجامنەدانی پشکنین بۆ خۆراکی ماسی و خراپی بەڕێوەبردنی کێڵگەکانی بەخێوکردنی ماسی ھۆکاری سەرھەڵدانی ڤایرۆسەکەیە.
ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە نەخۆشییەکە لە سنووری بەغداد و بابل بڵاوبووەتەوە و کار دەکەن بۆ ھێنانی بەپەلەی ڤاکسین لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتەوە.
ھێزەکانی پاسەوانی سنوری پۆڵندا ڕایگەیاند، لەسەر سنوری وڵاتەکەیان لەگەڵ بێلاروسیا، (١٤) قاچاغچیان دەستگیرکردووە کە بازرگانیان بە کۆچبەرانی عێراقییەوە کردووە و ھەوڵیانداوە بە نایاسایی بیانپەڕێننەوە بۆ سنورەکانی بێلاروسیا، کە مەترسی لەسەر ژیانیان دروست بووە.
سەرچاوەکە ڕایگەیاندووە، لەناو باندەکە کەسێکی ئەڵمانی ھەبووە و ئەوانی تر (سوری و ئێرانی و ڕۆمانی و جۆرجی) بوون.
عیماد جەمیل ئەندامی راگەیاندنی کۆمسیۆن ئاماژەی دا بەوەی، ژماردنەوەی دەنگەکانی تەواوی وێستگەکانی پارێزگاکانی عێراق بە دەست ئەستەمە و تەنھا ئەو وێستگانەی گومانیان لەسەرە دەژمێردرێنەوە.
وتیشی، ئەو تانانەی دراون لە ئەنجامەکان، بەرز دەکرێنەوە بۆ دەستەی دادوەری و دواتر کۆمسیۆن ناوی پەرلەمانتارە سەرکەوتووەکان بە رەسمی رادەگەیەنێت و ناوەکان بۆ دادگای فیدراڵی بەرز دەکرێنەوە تاوەکو پەسەند بکرێن.
ھاوکات فەلاح خەفاجی ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران، کۆمسیۆنی تۆمەتبار کرد بە درێژەدان بە ژماردنەوەی دەنگەکان لەپێناو یاری کردن بە ئەنجامەکان.
وتیشی، دەبێت کۆمسیۆن پەلە بکات لە راست کردنەوەی ھەڵەکان، چونکە پڕۆسەی سیاسی بەرەو ئاڵۆزی ھەنگاو دەنێت.
ھەیسەم عوبێدی بەڕێوەبەری بەشی بەھێزکردنی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاندوە، ئەگەر رێکخراوی تەندروستی جیھانیی لە عێراق رەزامەندی بدات لەسەر پێدانی دۆزی سێیەمی ڤاکسینی کۆرۆنا، ئەوا ھیچ رێگریەک نیە بۆ بەکارھێنانی.
وتیشی، ھۆکاری رازی نەبوونی رێکخراوی تەندروستی جیھانی بۆ بەکارھێنانی دۆزی سێیەم، ئەوەیە کە تا ئێستا بەکارھێنانی دۆزی یەکەم و دوەمی ڤاکسین لە عێراق نەگەیشتوەتە رێژەی پێویست، چونکە تا ئێستا بەشێک لە ھاوڵاتیان بەبێ ھۆکار ترسیان لە بەکارھێنانی ڤاکسین ھەیە و ئەمەش زیانی دەبێت و رێگری لەبەردەم دانانی سنورێک بۆ بڵاوبونەوەی کۆرۆنا دروست دەکات.
لایەنگرانی چەند لایەنێکی شیعە، چوار رۆژە لە بەغداد و چەند شارێکی تر خۆپیشاندانیان دەستپێکردووە و چەندین دروشمیان لە دژی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان و حکومەت و نەتەوەیەکگرتوەکان بەرز بەرزکردوەتەوەو، داواش دەکەن ھەژماری دەستی بۆ دەنگەکان بکرێت.
لە رۆژانی رابردووشدا ژمارەیەک لە سەرکردە و لێپرسراوانی گروپە چەکدارەکان و ئەو لایەنە سیاسییانەی دەنگەکانیان کەمی کردوە، چونەتە ناو خۆپیشاندەران.
بە پێی نوسراوێکی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، سەرەتای مانگی داھاتوو وەرزی نوێی خوێندن دەستپێدەکاتەوە و پشووی ڕۆژانی شەممەش ھەڵدەوەشێتەوە، بە پێی نوسراوەکە وەرزی نوێی خوێندن بە ھەردوو سیستمی ناو پۆل و ئەلکترۆنی دەبێت، بە جۆرێک ٤ ڕۆژ لە ناو پۆل و ٢ ڕۆژیش بە شێوەی ئەلکترۆنی وانە دەخوێندرێت.
ئەمساڵ بەھۆی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت، دەستپێکردنەوەی وەرزی نوێی خوێندن لە عێراق دواکەوت، بە بریاری وەزارەتی تەندروستییش، دەبێت سەرجەم فەرمانبەرانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن، یاخود پشکینی دڵنیابوونەوە لە تووشنەبوون بە کۆرۆنا بکەن.
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ فەرماندە ئەمنی و سەربازییەکان کۆبووەوە و چەند ڕێنماییەکی ئاڕاستە کردن و داوای لێکردن پێشنیارەکانیان بۆ بەھێزکردنی پەیوەندی نێوان ھێزە ئەمنییە جیاوازەکانی عێراق بخەنەڕوو.
کازمی لە بارەی پێکھاتەی سوپاشەوە باسی لەوە کردووە، دەبێت سوپای وڵات تەنھا دڵسۆزی بۆ نیشتمان ھەبێت و لە سوپای عێراق و دامەزراوە سەربازییەکاندا بنەمای ئاینی و مەزھەبی جێگایان نابێتەوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی بە فەرماندەکان کردووە خۆپیشاندەران بپارێزن و داوای لە خۆپیشاندەرانیش کرد دەستدرێژی نەکەنە سەر دامەزراوەکانی دەوڵەت و لە چوارچێوەی یاسادا خۆپیشاندان بکەن.
ڕیاز مەسعودی پەرلەمانتاری پێشوو و سەرکردە لە ڕەوتی سەدر ڕایگەیاند، ھیچ ئومێدێک نیە بۆ ژماردنەوەی دەستی ھەموو دەنگەکان و ڕەوتی سەدریش ھەموو جۆرە ڕێککەوتنێکی سیاسی کە ئامانج لێی تێکەڵکردنی کارتەکان و تێکدانی ڕەوشی سیاسی عێراق ڕەتدەکاتەوە.
دوای دەرکەوتنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق، بەشێک لە لایەنە سیاسەکان بەتایبەت لە ناو شیعەکان، ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن ڕەتدەکەنەوە و دوای ژماردنەوەی دەستیی بۆ سەرجەم دەنگەکان دەکەن.
ئەو لایەنانە كە لە ژێر ناوی "چوارچێوەی هەماهەنگی هێزە شیعەكان" كۆبونەوەنەتەوە لە راگەیەندراوێكدا داوایان كردووە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بەڵگەی یاسایی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بخاتەڕوو، دووپاتیشیان كردۆتەوە كە تا ئەو كاتەی هەڵەكانی كۆمسیۆن راست نەكرێتەوە ، ئامادە نین دانوستان بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو دەستپێبكەن.
"چوارچێوەی هەماهەنگی هێزەكانی شیعە" هاوپەیمانی فەتح و دەوڵەتی یاسا و عەسائیب ئەهللحەق و كەتائیبی حزبوڵا و چەند رەوتێكی تر جگە لە "سەدر" لەخۆدەگرێت، لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەراندا دەنگەكانیان تا رادەیەكی زۆر كەمی كردووە و گومانیان لە ئەنجامەكان هەیە.
ھەیسەم عوبێدی، ئەندامی ڕاگەیاندنی تەندروستیی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ڕایگەیاند، شەپۆلی چوارەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا ھێشتا نەگەیشتووەتە عێراق و تاکە ڕێگای بەرەنگاربوونەوەی ئەو شەپۆلە نوێیە، کە ئێستا بەشێک لە وڵاتانی دەوروبەری عێراقی گرتووەتەوە، وەرگرتنی ڤاکسینە.
وتیشی، ئومێدیان ھەیە تا کۆتایی ئەمساڵ ٥٠٪ی ھاوڵاتیانی عێراقی ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن، کە دەبێتە ھۆی خاوبوونەوەی شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا، ئەگەر لە عێراق بڵاوببێتەوە، بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەو ئاستە تێنەپەڕێنن شەپۆلی داھاتووی کۆرۆنا سەخت دەبێت.
بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، تا ئێستا زیاتر لە ٢ ملیۆن و ٣٧ ھەزار کەس لە عێراق و ھەرێمی کوردستان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، نزیکەی پێنج ملیۆن و ٣٢١ ھەزار کەسیش ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە.