ھادی سەلامی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەھۆی رۆتیناتی ناو فەرمانگەکانی حکومەتەوە بەرێژەیەکی بەرچاو گەندەڵی و پێشێلکردنی مافی ھاوڵاتییان لە فەرمانگەکاندا زیادیکردووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێویستە حکومەت کاروباری ناو فەرمانگە و دامودەزگاکانی بە دیجیتاڵی بکات و لەو رێگەیەوە ھەوڵی رێگریکردن لە گەندەڵی ناو فەرمانگەکان بدات.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران جەختیلەوەشکردەوە، عێراق یەکێکە لە وڵاتە دواکەوتووەکانی جیھان لە رووی بە دیجیتاڵکردنی کاروباری ناو فەرمانگە حکومییەکانی.
دەزگای ھەواڵگری عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە درێژەی ھەوڵەکانیان بۆ رێگریکردن لە بەقاچاخبردنی دۆلار و پشت بەستن بە زانیاری ورد، لە ھەڵمەتێکدا توانیانە باندێکی مامەڵەکاری دراو لە بەغداد و چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراق دەستگیربکەن، کە پێچەوانەی رێنماییەکانی بانکی ناوەندی و مامەڵەیان بە دۆلارەوە کردووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ھەڵمەتەکەدا توانراوە ھەوڵێکی بەقاچاخبردنی زیاتر لە ٨٠٦ ھەزار دۆلار پووچەڵبکەنەوە، کە باندەکە ھەوڵیانداوە بە قاچاخ بیبەنە دەرەوەی وڵات.
دەزگای ھەواڵگری عێراق راشیگەیاندووە، ئەندامانی ئەو باندە لە لێکۆڵینەوەکاندا دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە و بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە رەوانەی لایەنی پەیوەندیدار کراون، تاکو رێککاری یاسایی بەرامبەریان بگیرێتەبەر.
لیوا عەلا غەریب زوبەیدی فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای دیالە رایگەیاندووە، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پلان و بڕیارەکانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق تایبەت بە رەوشی ئەمنی پارێزگای دیالە کە خۆی لە پێنج قۆناغ دەبینێتەوە، لەماوەی ئەمساڵدا سەدان ئۆپراسیۆنی سەربازییان بۆ دەستگیرکردنی تیرۆریستان ئەنجامداوە و بەھۆیانەوە توانیویانە رەوشی پارێزگاکە کۆنترۆڵ بکەن و ژمارەیەکی زۆریش تۆمەتبار و داواکراو دەستگیر بکەن.
وتیشی، بەھەماھەنگی لەگەڵ ھێزە تایبەتەکانی ئاژانسی ھەواڵگری، تەنھا لەماوەی ئەمساڵدا و بەپێی ماددەی چواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، لە سنوری پارێزگای دیالە زیاتر لە ٤٠٠ تیرۆریستی داواکراویان دەستگیرکردووە.
بەپێی راگەیەنراوێکی کۆمەڵەکە، ھەردولا لەسەر چەندین تەوەری پەیوەست بە نەوتی ھەرێم گفتوگۆیان کردووە.
لە بارەی کۆبونەوەکەوە ئەپیکۆر رایگەیاندووە، جەخت لە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم بۆ بازاڕەکانی جیھان کراوەوتەوەو ھەروەھا پێشنیازیان کردووە بۆ فرۆشتنی نەوتی خاو گرێبەستێک لە نێوان ھەردوولا ھەبێت.
ئەپیکۆر دەشڵێت، کاتێک دەتوانین دەست بە بەرھەمھێنانی نەوت بکەینەوە کە رێککەوتنێکی یاسایی ھەبێت.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، بۆ چارەسەری کێشەکانی ھەرێم و بەغداد لەبارەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم لە ھەوڵەکانیان بەردەوام دەبن.
لە دەستپێکی ڕێوڕەسمەکەدا، کە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ٨-١١-٢٠٢٣ بەڕێوەچوو، "تێڕوانین و ھەڵوێست" بە ھەر سێ زمانی (عەرەبی و کوردی و ئینگلیزی) بڵاوکرایەوە.
بەر لە رێوڕەسمەکە، سەرۆککۆمار سەردانی مۆزەخانەی نوسەرانی کرد و پاشان ناوەڕۆکی کتێبەکەی خرایەڕوو، کە سەرەتا بە سرودی نیشتمانی و خوێندنەوەی سورەتی فاتیحە بۆ گیانی شەھیدانی عێراق و غەزە دەستیپێکرد.
لە سەرەتای دانیشتنەکەدا، عومەر سەرای ئەمینداری گشتی یەکێتیی ئەدیبان و نوسەران وتارێکی پێشکەشکرد و تیایدا پێشوازی لە سەردانەکەی سەرۆککۆمار بۆ یەکێتیەکەیان کرد و جەختی لەوە کردەوە کە سەردانەکە ھاندەرێک دەبێت بۆ داھێنان و پێشکەشکردنی ئەو بەرھەمانەی لەگەڵ پێگەی شارستانی و ئەدەبی عێراقدا گونجاون.
پاشان سەرۆککۆمار وتەیەکی پێشکەشکرد و پێزانینی خۆی بۆ یەکێتی ئەدیبان و نوسەران دەربڕی بۆ سازکردنی ئەم ڕێوڕەسمە. ئاماژەشی بەوەدا کە کتێبەکەی کۆمەڵێک وتار و دیالۆگ لەخۆدەگرێت کە بابەتەکانیان لە نێوان کەلتور و سیاسەتدایە و زۆربەیان لە بۆنە جیاوازەکان لە ماوەی نێوان نیسانی ١٩٧٥ تا ئەیلوولی ٢٠٢٢ نوسراون کە دیالۆگەکان تایبەتن بە دۆزی کوردی و عێراق و زۆربەیان لە رۆژنامە و میدیا جیاوازەکاندا بڵاوکراونەتەوە، لەگەڵ ئەو وتارانەی کە بۆ دەزگاکانی راگەیاندنی عەرەبی و بیانی نووسراون، کە بەشێکیان ئاماژەی پێکردون لە دەزگا و دامەزراوەکانی ئەوروپا لەگەڵ لێپرسراوانی ئەوروپا لە ئاستە جیاوازەکاندا تاووتوێی کردون، ھەروەھا چاوپێکەوتنی رۆژنامەوانی تر کە لەگەڵ چەندین میدیای بیانی و عەرەبی و عێراقی ئەنجامدراون.
سەرۆککۆمار ھیوای خواست ئەم سێ کتێبە بەشێک بن لە کارلێکی فیکری و سیاسی لە بونیادنانی دەوڵەتێکی دیموکراسیدا کە تیایدا گفتوگۆی ئازاد ئامرازی گەشەپێدان و پێشکەوتن بێت.
ھەروەھا سەرۆککۆمار ستایشی ئەو رۆڵە گرنگەی ئەدیبان و نوسەرانی کرد لە ئەرکە نیشتمانی و داھێنەرە جۆراوجۆرەکاندا و ستایشی رۆڵی گرنگی یەکێتیەکەیشی کرد لە پێگەیاندنی کاری کلتوری و بەرەوپێشبردنیدا و جەختی لەوەش کردەوە کە دەرگای سەرۆکایەتی کۆمار کراوەیە بەڕووی ھەموو نوسەران و ھاووڵاتیاندا.
دانیشتنەکە خوێندنەوەی ھەر سێ بەرگی لەخۆگرتبوو کە لەلایەن د. جاسم محەمەد جەسام پێشکەشکرا لەجیاتی عەلی فەواز سەرۆکی یەکێتیی گشتی ئەدیبان و نوسەران بۆ چاپی عەرەبی، دکتۆر ھەیسەم زوبەیدی بۆ چاپی ئینگلیزی و ھاوکار قادر ساڵح بۆ چاپی کوردی، دانیشتنەکەش ئامادەبونێکی ئەکادیمی و ئەدەبی لە خۆگرتبوو.
ھاوکات سەرۆککۆمار خانەیەکی تایبەتی بە نوسەر و خەباتگێڕی کۆچکردوو ئیبراھیم ئەحمەد لە ھۆڵێکی تایبەت بە مۆزەخانەی نووسەران کردەوە، خانەکە وێستگەکانی ژیاننامەی مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد و خەبات و بڕوانامە و بەشێک لە بەرھەمی ڕۆشنبیری و فیکرییەکانی مامۆستایان لەخۆگرتبوو.
ھەروەھا سەرۆککۆمار وتەیەکی لە تۆماری سەردانەکەدا تۆمارکرد ئەمەش دەقەکەیەتی:
" گەرمترین پیرۆزبایی و سوپاسی خۆم بۆ یەکێتی ئەدیبان و نوسەران و ھەموو ئەوانە کاریان کردووە بۆ دامەزراندنی ئەم باڵەخانە کلتوورییە دەردەبڕم کە پەیوەندی لەگەڵ کۆنترین کلتووری عێراقدا ھەیە بە ھەموو توێژ و پێکھاتەکانیەوە، ھیوای سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم و بەھەموو توانامانەوە لەگەڵتانین لەپێناوی کلتورێکی نیشتمانی ئازاد و ڕەسەن".
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی خولی حەوتەمی باڵیۆزەکانی عێراق رایگەیاند، ئەو رێگەیەی گرتوویانەتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی تائێستا سەرکەوتنی گرنگی بەدەستھێناوە و بەردەوامیش دەبن ھەر کەسێک گەندەڵ بێت و زیان بە سەروەت و سامانی وڵات بگەیەنێت، دەدرێتە دادگا و سزا دەدرێت لە ھەر پێگە و پلە و پایەیەکدا بێت.
وتیشی، لە رێگەی پۆلیسی نێودەوڵەتی و نووسراوی رەسمیشەوە داوایان لەھەموو ئەو وڵاتانە کردووە کە داڵدەی ژمارەیەک کەسانی سزادراوی عێراقییان داوە لەسەر دۆسێی گەندەڵی، بیانگەڕێننەوە و رادەستی عێراقیان بکەنەوە، جەختیشیکردەوە، گەڕاندنەوەی ئەو سزادراوانە دەکەنە پێوەری پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانە.
عەون زیاب وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رایگەیاند، حکومەتی تورکیا کارکردنی بۆ دروستکردنی بەنداوی جەزرە لەسەر روباری دیجلە دەستپێکردووە سەرەڕای ئەوەی حکومەتی عێراق بەڕەسمی یاداشتی ناڕەزایی و نیگەرانی خۆی پێڕاگەیاندووە، چونکە ئەو بەنداوە دەبێتە ھۆی زیاتر کەمبوونەوەی بەشەئاوی عێراق لە رێگەی روباری دیجلەوە، بەشێوەیەک نیوەی ئێستا ئاو دەگاتە عێراق.
وتیشی، ماوەی ١٠ ساڵە حکومەتی عێراق لەسەر دروستکردنی بەنداوی جەزرە لەلایەن تورکیاوە ناڕەزایی دەردەبڕێت، بەڵام تورکیا سەرجەم داواکاری و ناڕەزاییەکانی پشتگوێخستووە و بەردەوامە لەسەر کارەکەی بۆ دروستکردنی ئەو بەنداوە.
جەختیشیکردەوە، قەیرانی ئێستای ئاو لە عێراق لەماوەی ٩٠ ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە ئەوەش بەھۆی دروستکردنی بەنداو لەسەر روبارەکان لەلایەن ھەندێک وڵاتەوە.
حسێن تەمیمی، بەڕێوەبەری ئۆپراسیۆنەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراو لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاکو کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم، ٤٤٦ کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و فرۆشتنی ئەندامانی جەستەی مرۆڤ و دەرۆزەکردن، دەستگیرکراون.
وتیشی، منداڵی بچووک و کچان و ژنان و کەسانی بەتەمەن و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، ئەو توێژانەن کە ئەگەر ھەیە بازرگانیانیان پێوەبکرێت، راشیگەیاند، کەسانی بەئەزموون لە بواری چالاکییەکانی باند و تاوانی رێکخراو لە رێگەی گشتی و پێدانی پارەوە، کەسانی بەئامانجگیراو ھەڵدەخڵەتێنن.
حسێن تەمیمی راشیگەیاند، دەستگیرکردنی ئەو کەسانە، لەپێناو سنووردارکردنی تاوانی بازرگانیکردنە بە مرۆڤ و ئەندامانی جەستەی مرۆڤ و دەرۆزکردن، کە سزای ئەو تاوانە بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، ١٥ ساڵ زیندانیکردنە.
وەزارەتی کارەبای عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، وەفدێکی حکومی لە تورکمانستانە بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی ھاوردەی غاز، ئەوەش دوای یەکەمین سەردانی وەزیری وزەی تورکمانستان مانگی رابردوو بۆ بەغداد بۆ ئیمزاکردنی لێکتێگەیشتنێکی ھاوبەش.
وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاندووە، وەفدەکە بە سەرکردایەتی زیاد عەلی فازل وەزیری کارەبا چوونەتە تورکمانستان و چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ لێپرسراوانی وزەی ئەو وڵاتە ئەنجام دەدەن.
ھەر بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەو ھەنگاوە ھاوکاتە لەگەڵ پڕۆگرامی حکومی بۆ ھەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی ھاوردەی وزە بۆ عێراق و زیادکردنی سەعاتەکانی پێدانی کارەبا بە ھاووڵاتیان، تا ئەو کاتەی پڕۆژەی وەبەرھێنانی غاز و پڕۆژەکانی وزەی نوێ تەواو دەبن و عێراق دەگاتە ئاستی خودبژێوی لە بەرھەمھێنانی وزەدا.
رۆژنامەی عەرەبی جدیدەی قەتەری لەزاری چەند سەرکردەیەکی عێراقییەوە بڵاویکردەوە، رۆژی دووشەممە دوای گەڕانەوەی محەمەد شیاع سودانی لە تاران، کۆبوونەوەی سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بەبەشداریی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڕێوەچووە و تێیدا سودانی رایگەیاندووە، ئەمریکا جدییە لە ھەڕەشەکانی بۆ وەڵامدانەوەی کردنەئامانجی ھێزەکانی لە عێراق.
سودانی داواشی لە سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی کردووە، فشار بکەن لە گرووپە چەکدارەکان بۆ راگرتنی ھێرشەکانیان دژی ھێزەکانی ئەمریکا.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەکە بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، ھۆکاری ناجێگیری بەھای دینار بەرامبەر دۆلار زۆرە، وتیشی، چارەسەرەکانی بانکی ناوەندی ھاوکار نەبوون بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕی دراو و ھەنگاوی لاوەکی بوون.
داواشیکرد بودجە خەرجبکرێت و ئاسانکاری بۆ وەبەرھێنەران بکرێت و رێکارە حکومییەکان بۆ دەستگەیشتن بە دۆلار ئاسان بکرێت.
ھەروەھا داواشیکرد، سەرکردەی کوتلە سیاسییەکان کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بکەن، بۆ تاوتوێکردنی مەترسییەکانی جێبەجێنەکردنی سیستمی سویفت و کاریگەرییەکانی لەسەر بواری سیاسی و ئەمنی و ئابوری و کۆمەڵایەتی.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، کارمەندانی کۆمسیۆن بەردەوامن لە ئامادەکارییەکانیان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و لەو چوارچێوەیەشدا ناوەند و بنکەکانی دەنگدان بۆ دەنگدانی گشتی و تایبەت و ئاوارەکان دیاریکراون.
ئەوەشی خستەڕوو، دەنگدانی تایبەت بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دوو رۆژ پێش دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت.
سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق وتیشی، لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ناوەندێکی دەنگدان تایبەت دەکرێت بە ئەندامانی یەکە سەربازییەکان.
د.لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق، بانگهێشتنامەیەکی لە شا سەلمان بن عەبدولعەزیز ئال سعود، پاشای شانشینی سعودیە پێگەیشت بۆ بەشداریکردن لە کارەکانی خولی نائاسایی ئەنجومەنی کۆمکاری عەرەبی لەسەر ئاستی سەرکردایەتی بۆ تاوتوێکردنی دەستدرێژییەکان بۆسەر کەرتی غەززە و پێشهاتەکانی ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین.
ئەمەش لە میانی پێشوازیکردنی لەبەڕێزیان هات لە سەعید ئەلقەحتانی جێگری باڵیۆزی شانشینی سعودیە لە ڕۆژی سێشەممە 2023-11-7، لە کۆشکی بەغدا.
هەروەها سەرۆککۆمار سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ خاوەن شکۆ شا سەلمان دەربڕی بۆ ئەو بانگهێشتە و ئاماژەی بە گرنگی هاوکاری و هەماهەنگی و کاری هاوبەش لەبارەی پرسە جێ بایەخە هاوبەشەکان کرد، هاوکات بەڕێزیان ستایشی ئەو پەیوەندییە برایانەی نێوان هەردوو وڵات و گەلی برای کرد.
لە بەرامبەردا ئەلقەحتانی جەختی لە پەرۆشی وڵاتەکەی کردەوە بۆ پتەوکردنی پەیوەندیەکی بونیادنەرانە لەگەڵ عێراق و فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاریەکان بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشە کان بکات.
نیبراس ئەبو سۆدە، ئەندامی تیمی رۆژنامەوانیی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، کۆمیسیۆن بەردەوامە لە چاپکردنی کارتەکان و لەدوای ١٠ی ئەم مانگەوە دەستدەکەن بە رادەستکردنەوەی کارتەکان بەو دەنگدەرانەی کارتەکانیان نوێکردووەتەوە یاخود ئەو دەنگدەرانەی نوێن و یەکەمجارە کارتی دەنگدان دەردەھێنن.
وتیشی، کارتی بایۆمەتری بەسەر ئەو دەنگدەرانەدا دابەشدەکرێت کە لە مانگی ئازاری ساڵی رابردووەوە داتاکانیان تۆمارکردووە لەگەڵ ئەو دەنگدەرانەی لە ماوەی ئەمساڵدا تۆماریان نوێکردووەتەوە، کە ژمارەیان نزیکەی دوو ملیۆن دەنگدەرە.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیارێکی تایبەت بە رێکخستنی مامەڵەکردن بە دۆلار ھەموارکراوە و بڕیاردراوە ئەو کەسانەی لەو بانکانە بە دۆلار قەرزیان وەرگرتووە بە نرخی رەسمی بانکی ناوەندیی قەرزەکەیان لێوەربگیرێتەوە.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەشڵێت، پێویستە بانکی ناوەندیی عێراق دۆلاری پێویست بۆ بانکەکان دابینبکات و بڕیارەکە بڕیارەکە بانکە حکومییەکان و بانکی بازرگانی عێراقی دەگرێتەوە.
ڤیدانت پاتێل، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمریکا و عێراق لە گفتوگۆدان سەبارەت بە ھێرشی گروپە چەکدارەکان بۆسەر ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و رێوشوێنی پێویست دەگیرێتەبەر بۆ رێگریکردن لەو ھێرشانە.
ئەوەشی خستەڕوو، ژیانی ھاوڵاتییانی مەدەنی عێراق بۆ ئەمریکا گرنگە و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش جەختیلەوەکردووەتەوە، کە ھێرشەکان بۆسەر ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق قبوڵکراو نییە.