عیراق

لە چوارچێوەی کۆبوونەوەیەکدا لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق تایبەت بە پرۆژەکانی گەشەپێدان لە نێوان عێراق و ئەڵمانیا، ماکس ملین سەرۆکی وەفدی ئەڵمانیا لە کۆبوونەوەکە رایگەیاند، چەندین خاڵی گرنگ و ھاوبەشیان لەگەڵ عێراق ھەیە لە پێناو زیاتر بەھێزکردنی پرۆژە ھاوبەشەکانی نێوانیان و پلانی کارکردنی ھاوبەشیش دەبێتە بنەمایەکی سەرەکی ھاوکارییەکانی نێوان ھەردوو وڵات لە ساڵانی داھاتوودا.

وتیشی، لەساڵی ٢٠١٤ەوە تائێستا حکومەتی ئەڵمانیا لە بواری ئاوەدانکردنەوە و مرۆییدا ھاوکاری زۆری پێشکەشی عێراق کردووە، بەشێوەیەک لەو ماوەیەدا بە بەھای زیاتر لە سێ ملیار دۆلار ھاوکاری مرۆیی لە بەرلینەوە بۆ بەغداد رەوانە کراوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ماھیر حسێن رەشید سەرۆکی دەستەی خانەنشینی نیشتیمانی عێراق، لە نووسراوێکدا کە ئاڕاستەی دەستەی دەستپاکی و دەستەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کردووە، ناوی زیاتر لە ٢٢ فەرمانبەری خانەنشینکراوی ئاراستە کردوون بۆئەوەی بە تۆمەتی ئەنجامدانی ساختەکاری لێکۆڵینەوە لە دۆسێکانیان بکەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ھۆکارێکی تری نووسراوەکە بۆئەوە گەڕێندراوەتەوە کە گومان ھەیە لەناو خانەنشیناندا کەسانی تاوانبار و پەیوەندی بەداعش و ناشایستەیی بۆ خانەنشین بوون ھەبێت، بۆیە داوای دەستەی دەستپاکی و دەستەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کردووە رێکاری پێویست بگرنەبەر و لێکۆڵینەوەی ورد بکەن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی نووسراوێکی دادوەر فایەق زیدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق کە ئاراستەی ھەردوو سەرۆکایەتی داواکاری گشتی و دەستەی سەرپەرشتیاری دادی و تەواوی سەرۆکایەتی دادگاکانی تێھەڵچوونەوە کراوە، ئاماژەی بەوە کردوە، لە چوارچێوەی بانگەشەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا ھەر کاندیدێک لە کاتی چاوپێکەوتن و لێدوانە رۆژنامەوانییەکاندا لەرێگەی بوختان و جنێودان و ناوزڕاندنەوە یاسا پێشێل بکەن، بەپێی حوکمی ماددەکانی ٤٣٣ و ٤٣٤ و ٣٤٥ لە یاسای سزادانی عێراق لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

راشیگەیاندووە، لێپرسینەوە لەگەڵ ھەموو کەسانەشدا دەکرێت کە پێشێلکاری بەرامبەر بانگەشەی ھەڵبژاردنی کاندید و لایەنەکان دەکەن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق لە وتارێکدا لە لوتکەی عەرەبی و ئیسلامی رایگەیاند، پێویستە ھێرشەکانی ئیسرائیل رابوەستن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کار بکەن بۆ راگرتنی ئەو ھێرشانە، راشیگەیاند، داوا دەکەین ھاوکاریی مرۆیی بەبێ ھیچ بەربەستێک بگات بە غەززە، وتیشی، ئیسرائیل لە ھێرشەکانی خەڵکی مەدەنی دەکاتەئامانج و کۆمەڵکوژیی دەکات.

محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعودیە لە وتاری دەستپێکی لوتکەی عەرەبی و ئیسلامی رایگەیاند، جیھان لە بەردەم کارەساتێکی گەورەی مرۆییدایە کە ئەنجومەنی ئاسایش تیایدا شکستی ھێناوە، داواش دەکەن لە کەمترین ماوەدا ھێرشەکانی ئیسرائیل رابگیرێت.

مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینیش وتی، ئەوان خاوەنی خاکی فەڵەستین و قودسن و لەئێستادا گەلی فەڵەستین لە کەرتی غەززە و کەناری خۆرئاوا روبەڕوی کۆمەڵکوژی بووەتەوە و داواش لە ئەنجومەنی ئاسایش دەکەن بەرپرسیارێتی بگرێتە ئەستۆ و کار بۆ راگرتنی ھێرشەکانی ئیسرائیل بکات.

شا عەبدوڵای دووەم پادشای ئوردنیش رایگەیاند، دانیشتووانی غەززە روبەڕووی دڕاندانەترین ھێرش بوونەتەوە و پێویستە ھەڵوێستی جددی ھەبێت لە بەرامبەر تاوانەکانی سوپای ئیسرائیل کە لە کەرتی غەززە ئەنجامیداوە.

عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسریش رایگەیاند، تاوانەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتییە و نابێت ئەوەی روودەدات قبوڵ بکرێت.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا وتی، تاوانەکانی ئیسرائیل لە غەززە بەشێوەیەک ناتوانرێت باس بکرێت.

لای خۆیەوە، ئیبراھیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێرانیش وتی، پێویستە وڵاتانی ئیسلامی پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن بۆ زاڵبوون بەسەر کێشەکاندا نەک پشتبەستن بە وڵاتانی زلھێز، وتیشی، ئێستا کاتی روبەڕوبوونەوەی ئەو ناحەقیەیە کە بەرامبەر غەززە دەکرێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی عێراق بە ئاژانسی ھەواڵی عێراقی ڕاگەیاند، دابەشکردنی دەرمان لەنێوان پارێزگاکانی عێراقدا پەیوەستە بە دوو پێوەر و ئەوانیش، ژمارەی دانیشتوان و ھەڵسەنگاندنی پێویستیە. 

رونیشیکردووەتەوە سەرجەم دامەزراوە تەندروستییەکان ئەو پێداویستییانەی دەیانەوێت ساڵانە پێشکەشیان دەکەن و ئەمەش پشتی پێدەبەسترێت لەگەڵ ژمارەی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە. 

لەبارەی بەشەدەرمانی ھەرێمەوە، وەزیری تەندروستی عێراق دەڵێت ناردنی بەشەدەرمانی ھەرێم بەندە بە بەشەبودجەکەی و بودجەی دەرمانیش ٢١٦ ملیار دینارە لەناو بەشە بودجەی ھەرێمدا. 

دەشڵێت، وەزارەتی تەندروستی سەرباری بودجەی تایبەتی دەرمان بۆ ھەرێمی کوردستان ھەڵدەستێت بە پاڵپشتیکردنی دامەزراوە تەندروستییەکانی ھەرێم بۆ چارەسەری نەخۆشی و زیادکردنی بڕی دەرمان.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

محەمەد شیاع سودانی، لەمیانەی کردنەوەی پڕۆژەیەکی پەلەوەری لە کەربەلا کە ساڵانە زیاتر لە سێ ملیۆن ھێلکە و ٣٠٦ ھەزار تۆن گۆشتی مریشک بەرھەمدەھێنێت ئاماژەی بەوەکرد، کەرتی کشتوکاڵ بابەتێکی بنەڕەتی بەرنامەی حکومەتە و دەستیان کردوە بە زنجیرەیەک ڕێکار و بڕیاریبۆ پاڵپشتیکردن و زیادکردنی خەرجی بانکە کشتوکاڵییەکان بەمەبەستی پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت. 

وتیشی حکومەت توانیویەتی ھەنگاوی بەرچاوبنێت بۆ دابینکردنی ماددەکانی کۆبونی خۆراک بەتایبەت ئارد لەڕێگەی گەنمی بەرھەمی ناوخۆوە و بڕی پێویستی گەنم و مادە خۆراکییەکان لە کۆگاکاندا ھەیە بەھۆی پلانی کشتوکاڵی و بەبازاڕکردنی وەرزی ڕابردووەوە. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەمیانەی وتەکەیدا سەرۆککۆمار ھەڵوێستی چەسپاوی عیراقی دووپاتکردەوە، کە داوای بەدیھێنانی ھیواکانی گەلی فەڵەستین دەکات بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین کە قودسی پیرۆز پایتەختی بێت.

سەرۆککۆمار بە توندی سەرکۆنەی پێشێلکارییە ئاشکراکانی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکانی کرد، بەتایبەتی ئەو تاوانانەی کە کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون و نەخۆشخانەکان و دامەزراوە مەدەنییەکانی کردووەتە ئامانج و ھەزاران قوربانییان لێکەوتوەتەوە، کە زۆربەیان منداڵ و ژن و بەساڵاچوانن.

لە وتەکەیدا د. لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ھەنگاوی جدی بنێت بۆ سەرکۆنەکردنی ھێرشە نەخشەبۆکێشراو و پێشێلکارییە مەترسیدارەکان و بەئامانجگرتنی دامەزراوە مەدەنییەکان لە کەرتی غەزە و راگرتنی دەستبەجێی کردەوە سەربازییەکان، ھەروەھا بەخێرایی ھەنگاو بنرێت بۆئەوەی رێگە بە کاروانی یارمەتییە مرۆییەکان بدەن بەزووترین کات و بەبێ کۆت و بەند بچنە ناو خاکی فەڵەستینەوە. جەختیشی لەوە کردەوە ئەوەی سوپای داگیرکەر لە غەززە ئەنجامی دەدات، ھیچ پاساوێکی نییە جگە لە بەرجەستەکردنی سیاسەتی نەژادپەرستی کە لەسەر بنەمای دەربەدەرکردن و دەستبەسەرداگرتنی زەوی و بەجولەکەکردنی ناوچە فەلەستینییەکان و فراوانکردنی بونیادنانی ئۆردوگای نیشتەجێبوون، داڕێژراوە.

دەقی وتەکانی سەرۆککۆمار:


 بەناوی خودای گەورە و میھرەبان

برای بەڕێزم شازادە محەمەد کوڕی سەلمان کوڕی عەبدولعەزیز ئال سعود، جێنشینی شانشینی عەرەبستانی سعودی
خاوەنشکۆ و بەڕێزان و پایەبەرزان
بەڕێز ئەمینداری گشتی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی 
بەڕێز ئەمینداری گشتی رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی
خوشکان و برایانی بەڕێز 

سڵاوی خودای گەورەتان لێبێت

لە سەرەتای ئەم وتەیەدا سوپاسێکی بێ پایانم ئاڕاستەی خزمەتکاری ھەردوو حەرەمی پیرۆز، خاوەنشکۆ شا سەلمان کوڕی عەبدولعەزیز ئال سعود و شازادە محەمەد کوڕی سەلمان کوڕی عەبدولعەزیز ئال سعود دەکەم، ھەروەھا ستایش و پێزانینم بۆ گەلی سعودییەی برا بۆ میوانداریکردنی کارەکانی ئەم لوتکەیە، کە لە ھەلومەرجێکی سەختدا سازدەکرێت و تایبەتە بەو تاوانانەی بەدرێژایی رۆژ لەلایەن سوپای داگیرکەرەوە لە ھەوڵی بێ سوددایە بۆ لەناوبردنی دۆزی فەلەستین و ماف و خواستەکانی گەلی فەلەستین بە گشتی.

عێراق ھەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دوپاتدەکاتەوە، کە بریتییە لە بەدیھێنانی خواستەکانی گەلی فەلەستین بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین کە قودسی پیرۆز پایتەختی بێت.

عێراق سیاسەتی تۆڵەسەندنەوە و سزادانی بەکۆمەڵ رەتدەکاتەوە، کە داگیرکەر دژی گەلی فەلەستین پەیڕەوی دەکات، ھەروەھا عێراق بە توندی سەرکۆنەی پێشێلکارییە ئاشکراکانی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان دەکات، بەتایبەتی ئەو تاوانانەی کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون و نەخۆشخانەکان و دامەزراوە مەدەنییەکان دەکەنە ئامانج، کە لە ئەنجامدا ھەزاران قوربانی لێکەوتوەتەوە و زۆربەیان منداڵ و ژن و بەساڵاچون.

لەم مینبەرەوە، عیراق داوای دانانی چوارچێوەیەکی کرداری دەکات بۆ رزگارکردنی گەلی فەلەستین لەم کۆمەڵکوژییانە، لە رێگەی ئەم داواکارییانەی خوارەوە:
یەکەم: داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکرێت بە جددی کاربکات بۆ سەرکۆنەکردنی پەلامارە نەخشەبۆکێشراو و پێشێلکارییە مەترسیدارەکان و بەئامانجگرتنی دامەزراوە مەدەنییەکان لە کەرتی غەززە، دواتریش دەستبەجێ وەستاندنی جەنگ.

دووەم: ھەنگاوی پەلە و جددی بنرێت بۆئەوەی دەستبەجێ و بەبێ ھیچ کۆت و بەندێک رێگە بە کاروانی یارمەتییە مرۆییەکان بدرێت تا بچنە ناو خاکی فەڵەستینەوە.
سێیەم: جەختکردنەوە لەوەی کە بڕینی خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندیکردن لە کەرتی غەزە بەئامانجی گۆشەگیرکردنی زیاتر لە دوو ملیۆن کەسە و شاردنەوەی تاوانەکانی جەنگی داگیرکەرە لە جیھان، ئەمە جگەلەوەی رێگری لە ئەرکەکانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات بەتایبەتی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ فریاگوزاری پەنابەران (UNRWA).

چوارەم: ئەوەی سوپای داگیرکەر لە غەززە ئەنجامی دەدات، ھیچ پاساوێکی نییە جگە لە بەرجەستەکردنی سیاسەتی نەژادپەرستی، کە لەسەر بنەمای دەربەدەرکردن و دەستبەسەرداگرتنی زەوی و بەجولەکەکردنی ناوچە فەلەستینییەکان و فراوانکردنی بونیادنانی ئۆردوگای نیشتەجێبون، داڕێژراوە.

ئەو کردەوە دڕندانانەی ئێستا دەسەڵاتدارانی داگیرکەر پەیڕەوی دەکەن، پیلانێکی تاوانکارییە بە ئامانجی دەرکردنی فەلەستینییەکان لە ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەمەش سیاسەتێکی قێزەونانەیە و بە تەواوی ڕەتکراوەیە. لەگەڵ ئەوەشدا سورین لەسەر مافی گەڕانەوەی پەنابەران و کۆچبەرانی فەڵەستینی بۆ زێد و ناوچەکانی خۆیان.

خاوەنشکۆ و بەڕێزان و پایەبەرزان

کۆماری عیراق، کە ھەمیشە پشتیوانی لە دۆزی گەلی فەلەستین و خەباتی دادپەروەرانەی بۆ مافە رەواکانیان کردووە، بە نیگەرانییەکی زۆرەوە لەو ئازارە مرۆییە دەڕوانێت کە فەڵەستینییەکانی خستووەتە دۆخێکی ناھەموارەوە لەنێوان بێدەنگییەکی نامۆ و ناڕەوای نێودەوڵەتیدا، کە ئاماژەیە بۆ گرژیی زیاتر و دۆخێک درێژە پێدەدات لە گرژی و گەشەسەندنی قەیران لە ناوچەکەدا و رێگری دەکات لە گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە و کۆتاییھاتنی ئەم دۆخە.

دوبارە جەخت لە ھەڵوێستی نەگۆڕی عیراق دەکەینەوە لە پشتیوانیکردنی دۆزی فەلەستین و خۆڕاگری گەلی فەڵەستین بۆ رووبەڕوبوونەوەی ئەو ھێرشە بەردەوامە دڕندانانەیە و ھاودەنگیی رەھای کۆماری عیراق لەگەڵ گەلی فەڵەستین لە بەدیھێنانی خواستەکانیان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی خۆیان دووپاتدەکەینەوە، کە قودسی پیرۆز پایتەختی بێت بەپێی بڕیارنامەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

دوبارە سڵاوی خودای گەورەتان لێبێت

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

گروپی زافیرینی سەر بە مقاوەمەی ئیسلامی عێراقی لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، بە مووشەک ھێرشیانکردووەتەسەر بنکەی ھێزەکانی ئەمریکا لە ئەنبار، ھێرشەکانیش بە وردی ئامانجی خۆیان پێکاوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، دوای ھێرشەکەش چەکدارەکانیان بە سەلامەتی بۆ پێگەکانی خۆیان گەڕاونەتەوە.

وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە کە لە حەوتی تشرینی یەکەمەوە بەردەوامە، مقاوەمەی ئیسلامی عێراقیش بەشێوەی رۆژانە بنکەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەزھەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئاژانسی ھەواڵی عێراقی راگەیاندوە، یاسای بودجەی سێ ساڵە نرخی بەرمیلێک نەوتی بە ٧٠ دۆلار خەمڵاندووە و بەدرێژایی ئەمساڵ نرخی نەوت دە دۆلار زیاتر لەو نرخە بووە، بۆیە ئێستا عێراق پارەی زیادەی نەوتی لەبەردەستە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، بۆ ساڵی دارایی  ٢٠٢٤ ئاماژەکانی ئەرێنین و دڵنیایی بەخشە کە بەھۆی زیادبوونی خواست لەسەر نەوت، وڵات پێویستی بە ھیچ قەرزێک نابێت.

راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیران جەختیش دەکاتەوە کە لەپاڵ پشتبەستن بە نەوت وەک داھاتی دەوڵەت، پێویستە کەرتی تایبەتیش زیاتر بەھێزبکرێت و داھاتی وڵات فرەسەرچاوە بکرێت، چونکە ئەو رێگایە عێراق زیاتر بەرەو دڵنیایی دارایی دەبات و ئابورییەکەشی زیاتر گەشە دەکات.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

موقتەدا سەدر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ١٠ پێشنیازی ئاڕاستەی وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەکان کرد و داوایکرد ئەو وڵاتانە، ئامادەباشیی سوپای وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی رابگەیەنن و پەیوەندییە ئابوورییە گشتگیرەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل رابگرن.

سەدر داواشیکرد،  سەرجەم باڵیۆزخانەکانی ئیسرائیل لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دابخرێن، ھەروەھا وڵاتانی ئیسلامی ناردنی نەوت بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ ئیسرائیل رابگرن، لە بەرامبەردا ھاوکاریی پزیشکی و خۆراک بگەیەنن بە غەززە.

سەدر دەشڵێت، ئەو وڵاتانەی پشتیوانیی ئیسرائیل دەکەن دەبێت بە زمانێکی زۆر تووند ھەڕەشەیان لێبکرێت، بەتایبەتی ئەمریکا، کە دەبێت بە ھەڕەشەی داخستنی بنکە سەربازییەکانی لە وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبیی ھەڕەشەی لێبکرێت، سەدر داواشی کرد، گەلانی ئیسلامی و عەرەبی لە یەککاتدا بۆ پشتیووانیی غەززە خۆپیشاندان بکەن.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، زیادبوونی ئاستی ھەناردەکردنی نەوت لە وڵاتێکی ھەناردەکاری نەوتی وەک عێراق پرسێکی سروشتی و ئاساییە و کاریگەری لەسەر ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی ئۆپیک پڵەس نییە.

ئەوەشی خستەڕوو، زیادبوونی ھەناردەکردنی نەوتی عێراق، بەھۆی کەمبوونەوەی بەکارھێنانی لەناوخۆدا دروستبووە، ھۆکاری دیکەشی پەیوەندی بە گۆڕانی وەرزەکانی ساڵەوە ھەیە، دووپاتیشیکردەوە، وەکو عێراق پابەندن بە رێککەوتنامەی ئۆپیک پڵەسەوە بۆ دیاریکردنی ئاستی بەرھەمھێنان و ھەناردەکردنی نەوت.

وەزارەتی نەوت راشیگەیاندووە، ئۆپیک پڵەس کەمتەرخەمی ناکات لە بڕیاردان بۆ سەقامگیری و ھاوسەنگ ھێشتنەوەی بازاڕەکانی جیھان و بەپێی پێشبینییەکانیش ئەمساڵ و ساڵی داھاتوو لەسەر ئاستی جیھان خواست لەسەر نەوت زۆردەبێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەشناسی عێراق لە راگەیەندراوێکدا پێشبینی رەوشی کەشوھەوای چەند رۆژی داھاتووی بڵاوکردووەتەوە و ئەوەشی خستوەتەڕو، رۆژانی شەممە و یەکشەممە ئاسمان لەنێوان نیمچەھەور و ھەوری تەواودا دەبێت و پلەکانی گەرماش جێگیر دەبن.

ئاماژەی بەوەشکردوە، رۆژی دووشەممە و سێشەممەش ئاسمان ھەوری تەواو دەبێت و پێشبینی دەکرێت نمەباران لە سەرانسەری وڵاتدا ببارێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی، رۆژی یەکشەممە، دادگا لەسەر سکاڵایەک کە دژی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق تۆمارکراوە کۆدەبێتەوە، تایبەت بەو ٢ ترلیۆن و ١٠٠ ملیار دینارەی کە بڕیاریداوە بە قەرز بدرێتە حکومەتی ھەرێم بۆ دابینکردنی مووچەی سێ مانگی فەرمانبەرانی ھەرێم.

سکاڵاکە، لەلایەن مستەفا سەنەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە تۆمارکراوە و تیادا داوایکردووە، دادگای فیدراڵی بڕیاری ناردنی قەرز بۆ حکومەتی ھەرێم بە نادەستووری لەقەڵەم بدات.

دادگای فیدراڵی ھەروەھا رۆژی دووشەممە کۆدەبێتەوە لەسەر سکاڵایەکی وەھاب ھەڵەبجەیی بەڕێوەبەری گشتی دژەتیرۆر کە تێیدا داوایکردووە دادگا بڕیار لەسەر نادەستوری بوونی جێبەجێکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئەو بڕیارانە بدات کە لەلایەن دادگاکانی ھەولێرەوە و بەو یاسایە لەدژی دەرکراون.

پێشتر پارێزەرانی وەھاب ھەڵەبجەیی بە کوردسات نیوزیان راگەیاندبوو، بەڵگەی زیاتر دەخەنە بەردەم داگای فیدراڵی عێراق بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی دادگای ھەولێر.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مووسەننا جەبار، وتەبێژی وەزارەتی وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، سەرقاڵی پەسەندکردنی پێشنیازی زیادکردنی پەنیر و شیرن بۆ کەسانی گەورە لە بەشەخۆراکی مانگانەی ھاووڵاتییان

وتیشی، لە سەرانسەری عێراق ٣٢٥ ئاش ھەن، کە دەتوانن ساڵانە دوو ملیۆن تۆن ئاردی سفر بەرھەم بھێنن، ھەروەھا بەپێی پێشبینییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، بۆ وەرزی داھاتوو پێنج ملیۆن تۆن گەنم بەرھەم دەھێندرێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لەوەفدێکی نوێنەرانی پێکھاتە و کەمینەکانی عێراق و ئەوەشی خستەڕو، فرەیی کەمینە و پێکھاتەکان بنەمایەکی بەھێزن بۆ ئێستا و داھاتووی وڵات، ئەوەش پێویستی بە ڕێزگرتنی مافە بنەڕەتیەکانی ھەموو پێکھاتەکان و بەرجەستەکردنی ئەزمونی دیموکراسی ھەیە، بۆ بەشداریکردنی ھەموان لە بونیادنانی وڵاتدا لەسەر بنەمای ھاووڵاتیبوون.

ئاماژەی بەوەشدا کە شانازی بەو فرەییەوە دەکەن، کە ڕەنگدانەوەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ بەرەو پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەنێوان ھەموو پێکھاتەکانی عێراق. داواشیکرد قبوڵنەکردنی ستەم  و بڵاوکردنەوەی کلتووری کارکردن بۆ عێراق لە پرۆگرامی خۆێندنگەکاندا بخوێندرێت بۆ پێگەیاندنی نەوەیەک کە باوەڕی بە ناسنامەی نیشتمانی عێراقی ھەبێت.

سەرۆککۆمار جەختی لەگرنگی یەکڕیزی و ھەوڵەکانی ھاوکاری نێوان ھەمووانیش کردەوە بۆ پشتیوانیکردنی کارنامەی حکومەت لە بواری چەسپاندنی سەقامگیری ئاسایش و بەردەوامبوون لە باشترکردنی دۆخی ژیان و خزمەتگوزاریەکان بۆ ھاونیشتمانیان بەتایبەتی لەبواری تەندروستی و فێرکردن و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابوری.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

موسەنا جەبار وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، وەزارەتەکەیان ئامادەکاری دەکات لەگەڵ بریکارەکانی خۆراک بۆ دابەشکردنی سەبەتەی خۆراکی نۆیەمی ئەمساڵ بۆ سەرجەم ھاووڵاتییان لەگەڵ سەبەتەی دەیەم بۆ تۆڕەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی. 

وتیشی، لە کۆگاکانیاندا بڕی پێویستی ماددە خۆراکییەکان بۆ دابەشکردنی چوار سەبەتەی دیکەی خۆراک لە کۆگاکاندا ھەیە. 

وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی راشیگەیاند، لە پلانیاندایە لەمساڵدا ١٠ سەبەتەی خۆراک بۆ ھاووڵاتییان و ١٢ سەبەتە بەسەر ئەو خێزانانەدا دابەشبکرێت کە تۆڕەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، ھەروەھا پێشنیازیان بۆ ئەنجومەنی وەزیرانکردووە پەنیر و ئاردی سفر و شیر بۆ بەشە خۆراک زیادبکرێن و لەئێستادا چاوەڕێی ڕەزامەندین.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...174175176177178...432