بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، سوپاکەیان لە سوریا راسپارد کە خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی سوریا لە گوندی دروزی جەرامەنای پارێزگای گوندەوار لە نزیک دیمەشق ئامادە بکەن.
بەگوێرەی میدیا ئیسرائیلیەکان نوسینگەی ناتانیاهۆ لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە، لەگەڵ کاتز، رێنمایییان بۆ سوپا دەرکردووە بۆ ئەوەی خۆیان ئامادە بکەن بۆ بەرگریکردن لە گوندی دروزەکانی جەرامەنای نزیک دیمەشقی پایتەختی سوریا، کە "لەژێر هێرشی سوپای محەمەد جولانی سەرۆکی سوریادایە".
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "رێگه نادەین زیان به دروزەکان بگات و ئەگەر سوپای سوریا زیان بە دروزەکان بگەیەنێت، ئێمەش زیان بەوان دەگەیەنینەوە و هێرشیان دەکەینەسەر".
ئەمڕۆ شەممە، هێزە ئەمنییەکانی سوریا هەڵمەتی ئەمنیان لە شاری جەڕامەنا دژ بە داواکراوەکانی ناو دەروزەکان دەستپێکرد و گرژی کەوتە نێوان هێزەکانی سوپاو دروزەکان و بەهۆیەوە کەسێک کوژرا، سوپای سوریا رایگەیاند: ئەم روداوانە هەڕەشەن بۆسەر ئاسایش و ئارامی سوریا و لە بەرژەوەندی سوریای نوێدا نین.
دروزەکان کێن؟
دروزەکان، هەروەها ناسراو بە موەحیدون، گروپێکی ئاینین و خۆیان وەک موسڵمان پێناسە ناکەن. ئەم گروپە لە سەرەتادا شیعەی ئیسماعیلی بوون بەڵام زۆر ئاین و بیروباوەڕ کاریگەری لەسەر ئاینی دروزەکان هەبووە، یەکێکیش لەوانە ئاینی زەردەشتی. زمانی دروزەکان عەرەبییە و خۆشیان لە رووی ئیتنییەوە لە عەرەب جیا نەکردۆتەوە، بەڵام لە رووی ئاینییەوە خۆیان لە ئیسلام جیادەکەنەوە. لە دەرەوەڕا هەندێک جار بە موسڵمان و هەندێک جاریش وەک ئاینێکی سەربەخۆ بینراون.
ئەردۆغان بۆ یەكەمجار دوای بانگەوازەكەی ئۆجەلان قسەی كرد و رایگەیاند، قۆناغێكی نوێ لە توركیا دەستیپێكردووە و بەرانبەر تێكدانی وڵاتەكەیان هۆشیار دەبن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لە وتارێكدا لە ئیستەنبوڵ رایگەیاند، قۆناغێكی نوێ دەستیپێكردووە و هەلێكی باش هاتووەتە ئاراوە بۆ ئەوەی هەنگاوێكی مێژوویی بنێن.
ئاماژەی بەوەشدا، هیچ پێكهاتەیەكی توركیا قبوڵی ناكات پڕۆسەكە وەكوو رابردوو بە لێڵی بمێنێتەوە و هەموو رێوشوێنێكی پێویست و بەرزترین ئاستی وریایی بەرانبەر هەر هەڕەشەیەك دەگرنەبەر.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ئاشکرای کرد کە کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران زیادی کردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە کۆکردنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو دەگاتە ئاستی 90٪ کە ئەو ژمارەیەش پێویستە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.
بەپێی راپۆرتێکی دەزگاکە کە بڵاوکراوەتەوە، رۆژی 8ی شوبات، کۆی گشتی یۆرانیۆمی پیتێنراو گەیشتووەتە 274.4 کیلۆگرام (کە بە بەراورد لەگەڵ سێ مانگ لەمەوبەر 182.2 کیلۆگرام بوو)، ئەمەش ئاماژەیە بۆ خێرابوونی رێژەی بەرهەمهێنان.
لەبەرانبەردا چاودێرانی نێودەوڵەتی سەرنجیان دا کە پێویستە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رێوشوێنی سزای خێرا بگرێتەبەر و ئاماژەیان بەوە کرد کە بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا لەم دواییانەدا پێشنیاری سەپاندنی سزای زیاتریان بەسەر ئێراندا کردووە وەک بەشێک لە هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامەکان.
لای خۆیەوە واشنتۆن دەرگای دانوستانەکانی لەگەڵ ئێراندا دانەخست، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە فشارە ئابوری و سیاسییەکان سووک ناکات ئەگەر تاران پابەند نەبێت بە سنووردارکردنی توندی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی.
کاربەدەستانی ئەمریکا بەروونی ئەوەیان راگەیاندووە، کە ڕەنگە دواجار سیاسەتی زۆرترین فشار پاڵ بە ئێرانەوە بنێت بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستانەکان بە نەرمییەکی زیاترەوە، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی ئەو ئاستەنگە ئابوورییانەی کە بەهۆی سزاکانی رۆژئاواوە رووبەڕووی دەبێتەوە.
هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبنەوە، چونکە واشنتۆن بەو شێوەیە دەبینێت کە رێککەوتنەکە بەشێکی زۆری کاریگەرییەکانی لەدەستداوە، دوای کشانەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2018دا.
ئەردۆغان بۆ یەكەمجار دوای بانگەوازەكەی ئۆجەلان قسەی كرد و رایگەیاند، قۆناغێكی نوێ لە توركیا دەستیپێكردووە و بەرانبەر تێكدانی وڵاتەكەیان هۆشیار دەبن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لە وتارێكدا لە ئیستەنبوڵ رایگەیاند، قۆناغێكی نوێ دەستیپێكردووە و هەلێكی باش هاتووەتە ئاراوە بۆ ئەوەی هەنگاوێكی مێژوویی بنێن.
ئاماژەی بەوەشدا، هیچ پێكهاتەیەكی توركیا قبوڵی ناكات پڕۆسەكە وەكوو رابردوو بە لێڵی بمێنێتەوە و هەموو رێوشوێنێكی پێویست و بەرزترین ئاستی وریایی بەرانبەر هەر هەڕەشەیەك دەگرنەبەر.
ئەمڕۆ هەینی ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە فەرمی پێشوازی لە بانگەوازی رابەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد بۆ دانانی چەک.
بەقایی لە لێدوانێکدا رایگەیاند کە "ئەم بڕیارە هەنگاوێکی گرنگە لە پێناو کۆتایی هێنان بە توندوتیژی" و جەختی کردەوە کە "کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانی لە هەر جۆرە رەوتێک دەکات کە ببێتە هۆی بەهێزکردنی ئەمن و ئاسایش لە وڵاتی تورکیای دراوسێ".
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هیوای خواست کە "ئەم ئاڵوگۆڕە لە ئاستی ناوچەکەش ئاسەواری ئەرێنی هەبێت".
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵ، دوای بانگەوازی ئۆجەلان بۆ "چەکدانان و بەردەوامی پرۆسەی ئاشتی'، داوا دەکات دەسەڵاتدارانی تورکیا بەرپرسیارێتی قۆناغەکە هەڵبگرن.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیال میدیا رایگەیاند، "ئێمە بانگەوازەکە بەرز دەنرخێنین و بەرپرسیارێتیش لەسەر شانی ئەو کەسانەیە کە ئەم وڵاتە بەڕێوەدەبەن".
لە راگەیەندراوەکەیدا هاتووە "لە بنەڕەتدا پێویستە تورکیا لەسەر پرەنسیپی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و سەروەری یاسا بەڕێوەبچێت".
ئیمامئۆغڵو دەشڵێت: ئەمە رێک بیرۆکەی کۆمارە؛ بێ مەرج هەموو هاووڵاتیانی خۆی لە باوەش بگرێت. پێویستە پێکەوە لە ئازارەکانی ڕابردوو فێربین و بە ئاشتی داهاتوویەکی هاوبەش بنیات بنێین.
وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە فڕۆکەیەکی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل دوێنێ لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە ناوچەی هەرمێل لەسەر سنووری سوریا و لوبنان، سەرپەرشتیاری رێککەوتنی کڕینی چەکی بۆ حیزبوڵا لەناوبرد.
بەپێی راگەیەندراوەکە، ئۆپەراسیۆنەکە بە رێنمایی دەزگای هەواڵگری سەربازی ئەنجامدراوە و تیایدا محەمەد مەهدی عەلی شاهین، ئەندامی حزبوڵڵای لوبنان و سەرپەرشتیاری ڕێککەوتنەکانی کڕینی چەکی کردووەتە ئامانج.
وتەبێژی سوپای ئیسرائیل جەختی کردەوە کە چالاکییەکانی شاهین هەڕەشەبوون بۆ سەر ئیسرائیل و هاووڵاتیانی، هەروەها پێشێلکردنی جددی لێکتێگەیشتنەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بوون.
هێشتا حزبوڵڵای لوبنان هیچ راگەیەندراوێکی لەبارەی ئەم رووداوەوە بڵاونەکردووەتەوە.
دوای ئەوەی گیدیۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، کە رەنگە "بژاردەیەکی سەربازی" پێویست بێت بۆ رێگریکردن لە ئێران دژ بە چەکە ئەتۆمییەکەی، دوێنێش وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: هەڕەشەکانی ئیسرائیل "شەرمەزارکەرە" و تەنها توانای بەرگری خۆیان بەهێزدەکەن.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی هەواڵیی ئەمریکی (پۆلەتیک) وەزیری دەرەوەی ئێسرائیل ئاماژەی بەوەدا کە ئێران ئەوەندەی یۆرانیۆم پیتاندووە کە بتوانێت دوو "بۆمبی ئەتۆمی" دروست بکات، هۆشداریدا لەوەی کە کات رەنگە درەنگ بێت بۆ ئەوەی رێگری لێ بکرێت.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنەکەدا وتیشی: من پێموایە بۆ ئەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بەر لەوەی ببێتە چەک رابگیرێت، دەبێت بژاردەیەکی سەربازی باوەڕپێکراو لەسەر مێزەکە هەبێت.
دوێنێ پێنجشەممە، ئیسماعیل باقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەو قسانەی بە "شەرمەزارکەر و نالۆجیکی" وەسف کرد.
بەقایی لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند: "لە ناوچەیەکدا کە بەدەست بوونی قەوارەیەکی داگیرکەری دەستدرێژی کارەوە دەناڵێنێت، بە دڵنیاییەوە بەهێزکردنی توانا بەرگرییەکانمان کارێکی بەرپرسیارانە و زۆر پێویستە".
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵ لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ مارکۆ روبیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا بۆ ئیسرائیل رایگەیاندبوو، ئیسرائیل بە پشتیوانی ئەمریکا "کارەکەی تەواو دەکات" دژی ئێران.
بەپێی راپۆرتێکی بڵاونەکراوەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کە رۆژی چوارشەممە لەلایەن ئاژانسی فرانس پرێسەوە بینراوە، ئێران یۆرانیۆمی پیتێنراوی بۆ لە 60% زیادکردووە، کە نزیکە لەو ئاستە 90%ـەی کە پێویستە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.
جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كورد هەمیشە گەلێكی ئاشتیخواز بووە و هیوادارە ئەمجارە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا ئەنجامی هەبێت.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، كورد هەمیشە گەلێكی ئاشتیخواز بووە و بزوتنەوەكانی كورد وەك دوا رێگەچارە، بە ناچاری بۆ پاراستنی مان و داكۆكی لە مافە بنەڕەتییەكان پەنایان بردوەتە بەر چەك.
دەشڵێت، عەبدوڵڵا ئۆجەلان جارێكی تر دەرگای بەڕووی ئاشتی و چارەسەری ئاشتییانە و دیموكراسییەكانی پرسی كورد لە توركیادا كردەوە و دەستپێكی قۆناغێكی نوێی تێكۆشانی سیاسی بۆ كورد لە توركیا راگەیاند.
وتیشی، هیوادارن ئەمجارەیان پرۆسەكە بە ئەنجامێكی دڵخواز بۆ هەردوو گەلی كورد و تورك كۆتایی بێت و پێكەوە بناغەی پێكەوەژیانێكی راستەقینە بونیادبنێن و ئەركی هەموولایەكە پشتیوانی پەیامەكەی بن و پشتیوانی سەرخستنی پرۆسەكە بكەن.
فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت: "ئەگەر ئاشتی لە تورکیا بەدیهات، هیچ پاساوێک نامێنێت بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکانمان لە سوریا"
مەزلوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لەبارەی پەیامەکەی ئۆجەلانەوە، بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و دانانی چەک، رایگەیاند: تەنیا پەیوەندی بە پەکەکەوە هەیە و هیچ پەیوەندییەکی بە هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە نییە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، عەبدی رایگەیاندووە: "ئۆجەلان پەیامی لەبارەی راگەیاندنەکەیەوە بۆ ناردبووین، ئەو راگەیاندنەش ئەرێنی بووە و جەختی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە کردووەتەوە."
فەرماندەی گشتی هەسەدە هەروەها روونیکردەوە بۆچی راگەیاندنەکەی ئۆجەلانی بە "ئەرێنی" وەسفکردووە: "چونکە داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ و دەستپێکردنی پرۆسەی سیاسیی ئاشتیانە لە ناوخۆی تورکیا دەکات."
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، عەبدی جەختی کردەوە: "ئەگەر ئاشتی لە تورکیا بەدیهات، ئەمە مانای ئەوەیە هیچ پاساوێک نییە بۆ بەردەوامبوونی هێرشەکان بۆ سەر ئێمە لێرە لە سوریا."
جێی باسە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەبدوڵا ئۆجەلان لە وتارێکدا کە لەلایەن دەم پارتی ەوە خوێندرایەوە، داوای لە پارتی کرێکارانی کوردستان کرد کۆنگرەیەکی گشتی سازبکات و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆی بدات. ئۆجەلان جەختیشی لەوە کردەوە کە بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازە هەڵدەگرێت.
لە پەیامەکەی ئۆجەلاندا هاتبوو: "هیچ رێگایەک جگە لە دیموکراسی و دیالۆگی دیموکراسی نییە. زمانی ئەم سەردەمە ئاشتییە و کۆمەڵگەی دیموکراسی پێویستی بە گەشەپێدان هەیە."
شایانی باسە، ئەم بانگەوازەی ئۆجەلان کاردانەوەی جۆراوجۆری لێکەوتووەتەوە لە ناوچەکە و چاودێران وەک هەنگاوێکی گرنگ و مێژوویی لە پرسی کورد لە تورکیا دەیبینن.
لە راگەیەندراوێکی تایبەتدا، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشوازی لە پەیامی دوایی عەبدوڵا ئۆجەلان دەکات و بە "سەرەتای قۆناغێکی گرنگ" وەسفی دەکات
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ لە پەیامێکدا پێشوازی لە وتارەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان کرد و وەک "پەیامێکی بەرپرسیارانە و پێویستی ئەم قۆناغە" ناوی برد.
بەپێی راگەیەندراوەکە، بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی کردووەتەوە کە پەیامەکەی ئۆجەلان هەنگاوێکی گرنگە بەرەو "یەکخستنی ریزەکانی کوردایەتی و چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان لەسەر بنەمای هاوبەشێتی و پێکەوەیی بۆ بنیادنانی داهاتوویەکی پرشنگدار و ئارامتر بۆ گەلەکەمان."
سەرۆکی یەکێتی رایگەیاندووە کە حزبەکەی ئەم پەیامە بە "سەرەتا و قۆناغێکی گرنگ دەزانێت" و وەک "ئەرکێکی نەتەوەیی بەرپرسیار پشتیوانی ئەم پەیامە و سەرخستنی هەر هەنگاو و پرۆژەیەکە کە گیانی پێکەوەیی و برایەتی لەنێوان کورد و تورک دەباتە پێشەوە."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی یەکێتی داوای لە هەموو لایەنەکان کردووە کە "بەدەم ئەم پەیامەوە بچن و هەنگاوی کرداریی بنێن بۆ گەیشتن بە ئاشتی سەرتاسەری". هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە "ئەم دەرفەتە مێژووییە لەدەست نەدەین کە سەرۆک مام جەلال بەردی بناغەکەی لە ساڵی 1993ـەوە داناوە."
لە کۆتاییدا، سەرۆکی یەکێتی جەختی کردووەتەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان "پشتیوانی خوشک و براکانمانە لە هەر چوار پارچەی کوردستان."
شایانی باسە، ئەم پەیامە دوای پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان دێت کە تێیدا باس لە رێگاچارەی ئاشتییانە بۆ کێشەی کورد لە تورکیا کراوە و داوای دانانی چەک لە پەکەکە دەکات.
لە پاش گەڕاندنەوەیان لە دیداری ئۆجەلان، وەفدی دەمپارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، بانگەوازە مێژووییەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان یان كە لە سێ پەڕە پێكهاتبوو، بەهەردوو زمانی تورکی و کوردی بۆ دەزگاکانی راگەیاندن خوێندەوە.
لە پەیامەکەی ئۆجەلاندا هاتوە: پەکەکە لە قۆناغێکی زۆر دژواردا دروستبوو، قۆناغی دو جەنگی گەورە، سەردەمێکی توندو تیژ، سەردەمی نکۆڵیکردن لە بوونی کورد و سنوردارکردنی ئازادییەکان، لەسەرووی هەموویانەوە ئازادی رادەربڕین.
هەروەها رێبەری زیندانی کراوی پەکەکە لە پەیامەکەیدا بانگەوازی چەکدانانی کردووە و تیایدا دەڵێت: لە کەشوهەوای ئێستادا، دوای بانگەوازی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی و ئەو ئیرادەیەی کە بەڕێز سەرۆک کۆمار نیشانیداوە و هەڵوێستە ئەرێنییەکانی پارتە سیاسییەکانی دیکە بەرامبەر بەم بانگەوازە، من بانگەواز بۆ چەکدانان دەکەم و بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازە دەگرمە ئەستۆ.
ئاماژەی بەوەش داوە، پێویستە زمانێک پەرە پێ بدرێت کە لە ماوەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیدا لەگەڵ واقیع بگونجێت.
هاوکات دەڵێت: پێویستە پەکەکە کۆنگرەیەک ببەستێت و تیایدا خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند، هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی ئێستای دیمەشق لەژێر كاریگەریی توركیادایە و شەڕی وڵاتەكەش دژی باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا توندتر بووەتەوە.
مەزڵوم كۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات 'هەسەدە' لە لێدوانێكدا بۆ تەلەفیزیۆنی بی بی سی رایگەیاند، تاوەکو ئێستا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا لە دیمەشق نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، چونكە دیمەشق لە ژێر فشار و كاریگەریی توركیادایە.
كۆبانێ وتوویەتی، رون نییە هەڵوێستی دیمەشق دوای فشارەكانی توركیا بەرانبەر كورد و خۆسەریی لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا چۆن دەبێت، بەڵام لێدوان و هەڵوێستەكانی دەسەڵاتدارانی سوریا تاوەکو ئێستا ئەرێنیی بووە.
بە وتەی فەرماندەی گشتیی هەسەدە، ئەمریكا و فەڕەنسا هەندێك وڵاتی عەرەبی خوازیاری ئەوەن دیمەشق پابەندی مافەكانی كورد بێت لە سوریا.
ئاماژەی بەوەش كردووە، ئەگەر توركیا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دژی رۆژئاوای كوردستان ئەنجام بدات، ئەوان ناچارن تاكتیكی سەربازیی خۆیان بگۆڕن و رەنگە ئەوەش ببێتە هۆی هەڵاتنی زیندانیكراوانی داعش لە هەندێك ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئەوان.
كۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی سوریا بە سەرپەرشتی ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا لە دیمەشق بەڕێوەچوو و تیایدا داوای نووسینەوەی دەستوور و ئەنجومەنێكی یاسادانانی كاتی كرا، كە لەگەڵ هەلومەرجەكانی قۆناغی راگوزەری لە سوریا بگونجێت.
هەروەها، كۆنفرانسەكە ئاماژەی بە پێویستی رێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ و پاڵپشتیكردن لە رۆڵی ژنان لەسەرجەم بوارەكان دا و جەختیكردەوە لەسەر پاراستنی مافی منداڵان و گرنگیدان بە كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و چالاككردنی رۆڵی لە گەنجان لە دەوڵەتدا.
لە بەیاننامەكەدا، جەختیشیكراوەتەوە لە بەرەوپێشبردنی ئازادی لە كۆمەڵگە و چەسپاندنی پرەنسیپی پێكەوە ژیانی ئاشتییانەی نێوان سەرجەم پێكهاتەكانی سوریا، هەموو جۆرەكانی توندوتیژی و هاندان بۆ تۆڵەسەندەوەش، لە بەیاننامەكەدا رەتكراوەتەوە.
لە كۆتایی بەیاننامەكەدا، تەئکیدکرایەوە لە پاراستنی یەكڕیزی و سەروەری سوریا و هەموو جۆرە دابەشبوونێكی خاكی وڵاتەكە رەتكراوەتەوە، هاوكات داوای دەستبەجێ كشانەوەی ئیسرائیل لە سوریا بەبێ مەرج كراوە، داواش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كراوە فشار و پێشێلكارییەكان لەسەر گەلی سوریا رابگرن.
بەهۆی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی توركیا، قەدەغەی هاتوچۆ لە 11 ناوچەی باكوری كوردستان راگەیەندرا.
ئاژانسی هەواڵی مێزۆپۆتامیا بڵاوی كردەوە، پاێزگاری شرناخ قەدەغەی هاتوچۆی بۆ ماوەی 15 رۆژ لە 11 ناوچەی شرناخ راگەیاندووە، ئەوەش بەهۆی ئۆپەراسیۆنی سوپای توركیاوە.
لە 26ی مانگەوە بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە و لە ماوەی ئەو 15 رۆژدا لە هەندێك ناوچەی شاخاویی جزیر، سلۆپی، باسا ، قلابان و ئەلك لە شرناخ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سوپای توركیا بەڕێودەچێت.
لە 35 ساڵی رابردوودا بە بیانوی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دژی پارتی كرێكارانی كوردستان-پەكەكە، زۆرترین قەدەغەی هاتوچۆ لە زۆربەی ناوچەكانی باكوری كوردستان راگەیەنراوە، ئەوەش ئاستەنگی بۆ جوتیاران و ئاژەڵداران و دانیشتوان دروست كردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە بەرپرسانی نوێی سوریا بە ئامادەیی نزیکەی 600کەس و بێ بانگهێشت کردنی هێزە کوردییەکان کۆنگرەی دیالۆگی نیشتیمانیان بەرێوەبرد و تیایدا ئەحمەد شەرع سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سوریا وتی: هۆشداری بە هەموو ئەوانە دەدەین کە یەکگرتوویی سوریا دەخەنە مەترسییەوە.
کۆمیتەی ئامادەکردنی کۆنگرەکە کە پێکهاتبوو لە حەوت ئەندام پێشتر بە ڕۆژنامەنووسانییان وت قسەیان لەگەڵ نزیکەی 4000 کەسدا کردووە لە سەرانسەری سوریادا، ئەوەش لە پێناو کۆکردنەوەی ڕا و بۆچوونییان کە دەکرێت یارمەتیدەر بێت لە پێکهێنانی ڕاگەیەندراوێکی دەستووریی، چوارچێوەیەکی کاری ئابووری و پلانێک بۆ چاکسازیی دەستووریی.
بەرپرسان دەڵێن، ئەندامانی بەڕێوبەرایەتی خۆسەری کوردەکان لە سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات، بانگهێشت نەکراون بۆ کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی سوریا.
وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات فەرهاد شامی و بەرپرسی باڵای بەڕێوبەرایەتی خۆسەر ئیلهام ئەحمەد ڕۆژی دووشەممە بە ڕۆیتەرزییان وتووە: کە هیچ کام لە ئەندامەکانییان بانگهێشت نەکراون بۆ کۆنگرەکە.