ئیسرائیل هێرشیکردە سەر ناوچەیەک لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی لە سوریا
رەوەز
٢ی ئایاری ٢٠٢٥
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەی هێرشێکیان ئەنجامداوە بۆ سەر ئامانجێک لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی لە سوریا و وتیشی، پەیامێکی رونیان ناردووە بۆ رژێمی سوریا، رێگە نادەن هێزەکانیان لە باشوری دیمەشق جێگیر ببن.
ئەمڕۆ هەینی، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا لەگەڵ یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە رایگەیاند: "درەنگانی شەوی رابردوو، هێرشێکی ئاسمانیمان کردە سەر ئامانجێک لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق".
ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەمە پەیامێکی رون و ئاشکرایە بۆ سوریا، بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەین هێزەکانی سوریا لە باشوری دیمەشق جێگیر ببن و مەترسی بۆ سەر دروزەکان دروستبکەن".
لە راگەیەندراوەکەی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە: "فڕۆکە جەنگییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەی دەوروبەری کۆشکی ئەحمەد حسێن شەرع، لە دیمەشق"، بەبێ ئەوەی زانیاری زیاتر دەربارەی ئامانجەکە بڵاوبکرێتەوە.
شایەنی باسە، ئەمە دووەم جارە لە ماوەی دوو رۆژدا ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر خاکی سوریا، دوای ئەوەی بەڵێنی دا بەرگری لە کەمینەی دروزەکان بکات.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ لێدوانێکی رەسمی لەلایەن دەسەڵاتدارانی سوریاوە سەبارەت بە هێرشەکە نەدراوە.
جێی ئاماژەیە، لە دوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشوی سوریا، ئیسرائیل بەشێکی گەورەی باشوری رۆژئاوای سوریای کۆنترۆڵ کردووە و بەڵێنی پاراستنی کەمینەی دروزەکانی داوە، هەروەها زۆربەی چەکە قورسەکانی سوپای سوریاشی لە دوای روخانی ئەسەد لەناوبردووە.