نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عیراق: بڕیارەکانمان نیشتمانین و لەژێر سەپاندن و ئاڕاستەی هیچ لایەنێکی دەرەکیدا نین
ساکۆ سمکۆ
٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق لە راگەیەندراوێکدا جەختی لە سەربەخۆیی بڕیار و دەسەڵاتەکانی حکومەت کردەوە و رایگەیاند، رێکارەکانی حکومەت لە ناو سنوورە نێودەوڵەتییەکاندا لە ئیرادەی سەربەخۆی خۆیەوە هەڵدەقوڵێن و بەدەمەوەچوون نین بۆ هیچ لایەنێکی دەرەکی.
لە راگەیەندراوەکەدا کە ئەمڕۆ 25ـی 11ـی 2026 بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: کۆماری عیراق دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی تەواو، دیموکراسی و فیدراڵییە، دەسەڵاتەکانی و شەرعییەتی دامەزراوەکانی لە دەستوور و ئیرادەی گەلەکەیەوە سەرچاوە دەگرێت، حکومەتەکەشی بەرپرسیارێتی و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی بە سەربەخۆییەکی تەواو و بەپێی یاسا و بەرژەوەندییە باڵا نیشتمانییەکان پیادە دەکات.
ئاماژە بەوەشکراوە، بڕیاری عیراقی پرسێکی تەواو نیشتمانییە و ئەو رێکارانەی حکومەت لە ناو سنوورە نێودەوڵەتییە دانپێدانراوەکانی عیراقدا دەیانگرێتەبەر، تەنها پشت بە دەسەڵاتە دەستووری و بەرپرسیارێتییە یاساییەکانی دەبەستن و بە هیچ شێوەیەک وەک بەدەمەوەچوونێک بۆ هاندان، سەپاندن، یان ئاڕاستەکردنی هیچ لایەنێکی دەرەکی نین.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران روونیشیکردووەتەوە، حکومەتی عیراق شەرعییەتی بڕیارەکانی لە هەڵوێست یان ئاڕاستەی وڵاتانەوە وەرناگرێت و چاوەڕێی هاندانی هیچ کەسێک ناکات بۆ جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییە دەستووری و سەروەرییەکانی، بەڵکو بەپێی ئەوەی بەرژەوەندیی باڵای عیراق، مافی گەلەکەی و پێداویستییەکانی ئاسایش و سەقامگیرییەکەی دەخوازن، هەنگاو دەنێت.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشدا دووپاتکراوەتەوە: "بڕیارمان عیراقییە و ئیرادەمان نیشتمانییە، مەرجەعمان دەستوور و یاسایە، بەرژەوەندیی باڵای عیراقیش ئەو پێوەرەیە کە هەڵوێست و رێکارەکانمان دیاری دەکات".



