دادگای باڵای فیدراڵی رێکارەکانی سەرۆک وەزیرانی عیراقی بە دەستوری ناوبرد و جەختی کردەوە، پاراستنی سنورەکان، کۆنترۆڵی دەروازە سنورییەکان، وردبینیی داهاتە نانەوتییەکان و چاودێریی نەوتی هەرێم لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدان.

دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق، لە بڕیارێکی بە ژمارە (268/ فیدراڵی/ 2026) کە ئەمڕۆ چوارشەممە  دەرچوو، دەستووریبوونی رێکارەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراقی یەکلایی کردەوە و جەختی کردەوە کە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان زیان بە یەکێتی و سەروەریی دەوڵەت ناگەیەنێت.

لە بڕیارەکەی دادگادا هاتووە، پاراستن و ئاسایش و بەرگریکردن لە سنورە نێودەوڵەتییەکانی عیراق، لەوانەش سنورەکانی سنوری ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لە ژێر دەسەڵاتە فیدراڵییەکانە و حکومەتی فیدراڵی دەتوانێت هێزە چەکدارە فیدراڵییەکان بڵاو بکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دەسەڵاتە فیدراڵییەکان مافی سەرپەرشتی و چاودێری و کۆنترۆڵکردنی سەرجەم دەروازە سنورییەکانی عیراقیان هەیە، لەوانەش دەروازەکانی هەرێمی کوردستان، هاوکات دروستکردنی سیستمێکی نیشتمانیی یەکگرتوو بۆ ئۆتۆماتیکیکردنی دەروازەکان و گومرگەکان لە دەسەڵاتی فیدراڵییە بە رەچاوکردنی هەماهەنگی لەگەڵ هەرێم.

لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، خاوەندارێتیی نەوت و غاز بۆ هەموو گەلی عیراقە و بەڕێوەبردنی نەوت و غازی دەرهێنراو لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە دەبێت بە هاوبەشی لەگەڵ هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەکان، وەزارەتی نەوتی فیدراڵیش مافی چاودێری و وردبینیکردنی گرێبەست و پرۆسەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی هەیە.

ئاشکراشیکرد، دەسەڵاتە فیدراڵییەکان سیاسەتی دارایی و گومرگی و پێناسەی گومرگیی یەکگرتوو دادەنێن و سەرپەرشتی و وردبینیکردنی داهاتە گشتییەکان و باج و رسومات و داهاتە نانەوتییەکان لە سەرتاسەری عیراق، لەوانەش هەرێمی کوردستان، دەکەن و بۆ گەنجینەی گشتی دەگەڕێنرێنەوە.

دادگای فیدراڵی راشیگەیاند، چوارچێوەی جوگرافیی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بەپێی مادەی (53/ئەلف)ـی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی گواستنەوە دیاری دەکرێت و ئەو زەوییانە دەگرێتەوە کە لە 19ـی ئازاری 2003ـدا لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بەڕێوە دەبران لە پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، دیالە و نەینەوا، و نابێت دەسەڵاتی هەرێم بۆ دەرەوەی ئەو سنورە درێژ ببێتەوە بە رەچاوکردنی حوکمەکانی مادەی 140ـی دەستور، هەروەها بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانەی دەکەونە دەرەوەی ئەو سنورە لە دەسەڵاتی فیدراڵییە و پیادەکردنی ئیدارەی دەسەڵاتی دەستوری دروست ناکات.

دادگای باڵای فیدراڵی ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارەکە بە زۆرینەی دەنگ و بە سەرنجی جیاوازی دوو ئەندام دەرچووە و بە بڕیارێکی کۆتایی و پابەندکەر بۆ هەموو دەسەڵاتەکان هەژمار دەکرێت.