عەلی زەیدی سەرۆكی هێزە چەكدارەكانی عیراق بە فەرمانێك كۆتایی بە ئەركی حەمید شەتری سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی وڵاتەكە هێنا.

لە نوسراوێكدا عەلی زەیدی سەرۆك ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی هێزە چەكدارەكانی عیراق، كۆتایی بە ئەرك و خزمەتەكانی حەمید شەتری لە پۆستی سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی عیراق هێناوە.

نوسراوەكە رۆژی دووشەممە بڵاوبووەتەوە و ئیمزای رەشاد خەڵەف هاشم، بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراقی لەسەرە.

لە نوسراوەكەدا باس لەوە كراوە، بڕیارەكە پاڵپشت بە رێنماییەكانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان دراوە و لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەكرێت.

حەمید شەتری، یەكێكە لە كەسایەتییە ئەمنییە دیارەكانی عیراق و لە مانگی كانوونی یەكەمی 2024وە بە بڕیاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراق كراوە بە سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی، ناوبراو یەكێك بوو لە ناوە دیارەكان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەم كابینەیەدا.