کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای 48 سەعاتی داهاتووی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد، کاریگەری نزمەپەستۆیەک روو لە ناوچەکە دەکات و بارانبارین دەستپێدەکاتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم  رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمانی ناوچەکە بە گشتی نیمچە هەور دەبێت، پلەکانی گەرمای ئەمڕۆ بەراورد بە پلەکانی دوێنێ بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، سبەینێ ئاسمان لە نێوان پەڵە هەور و نیمچە هەوردا دەبێت. لەسەرەتادا کاریگەری نزمەپەستۆیەک لەسەر ناوچە سنورییەکان بە نمەبارانی پچڕپچڕ دەستپێدەکات، پاشان لە کاتەکانی نیوەڕۆ و دوای نیوەڕۆدا نمەبارانەکە ناوچە جیاجیاکانی سنوری ئیدارەی زاخۆ، پارێزگای دهۆک، ناوچە شاخاوییە بەرزەکانی پارێزگای هەولێر و بەشێک لە ئیدارەی سۆران دەگرێتەوە.

کەشناسی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، لە بەرانبەردا، ئاسمانی پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و کەرکوک بە بەردەوامی نیمچە هەور دەبێت.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:

هەولێر: 27 پلەی سیلیزی

پیرمام: 24 پلەی سیلیزی

سلێمانی: 26 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە:27 پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ: 28 پلەی سیلیزی

دهۆک: 24 پلەی سیلیزی

زاخۆ: 25 پلەی سیلیزی

ئاکرێ:26 پلەی سیلیزی

گەرمیان:32 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران:18 پلەی سیلیزی