لە دوای راپۆرتی لێپرسراوانی ئەمریکا سەبارەت بە ئەنجامدانی هێرشی ئەلیکترۆنی رێکخراو بۆ سەر سیستمەکانی ئاو لە چەند ویلایەتێکی ئەمریکا دەنگۆکانی تێوەگلانی تاران رویان لە زیادبوون کردوە.

هەفتەی رابردوو لێپرسراوانی ویلایەتی مینیسۆتا رایانگەیاند، کە زیاتر لە 30 سیستمی ئاوی ئەو ویلایەتە کراونەتە ئامانج، دواتریش نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) ئاشکرای کرد، کە هێرشی هاوشێوە لە حەوت ویلایەتی تر رویان داوە و کێشەیان بۆ کارکردنی ئەو دامەزراوانە دروست کردووە.

 هەرچەندە ئاژانسی ئاسایشی سایبەری و ئاسایشی ژێرخانی ئەمریکا (CISA) بێدەنگی هەڵبژاردووە، بەڵام میدیاکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن، کە لێکۆڵینەوە لە روداوەکان دەکرێت  =و بە دواداچون دەکرێت بۆ ئەگەری تێوەگلانی ئێران لەو هێرشانەدا.

لای خۆشیەوە، مورگان رایت، راوێژکاری پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کردووە کە بەپێی ئاڵۆزییەەکانی نێوان واشنتن و تاران، ئێران لە سەروی لیستی تۆمەتباراندایە، بەڵام لێپرسراوانی ئەمریکی ئەگەری ئەوەش لێک دەدەنەوە، کە رەنگە ئەوانەی ئەو کارەیانکردوە  بە مەبەست خۆیان وەک لایەنی ئێرانی نیشان دابێت تا ئاڵۆزییەکان زیاتر بکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە تا ئێستا تاران هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو بابەتە نەبووە و لە ناوخۆی ئەمریکاشدا، دوناڵد ترامپ بەرپرسیارێتیی روداوەکەی خستە ئەستۆی بەرپرسانی ویلایەتی مینیسۆتا و بە کەمتەرخەمی لەقەڵەمداون، بەڵام ئەوانیش لە وەڵامدا رایگەیاندوە، دۆناڵد ترەمپ بە باشی دەزانێت، کە چ وڵاتێک لە پشتی ئەم هێرشانەوەیە.