پزیشکیان: ئێران هەوڵی فراوانکردنی بازنەی جەنگ نادات
محەمەد رزگار
٤ی ئابی ٢٠٢٦
سەرۆک کۆماری ئێران دەڵێت، ئێران هەوڵی فراوانکردنی بازنەی جەنگ نادات و تەنها بەرگری لە خۆی دەکات.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی هیچ نیازێکی نییە بۆ فراوانکردنی ئاڵۆزی و گۆڕەپانی جەنگ لە ناوچەکەدا، هاوکات سەرۆکی ئەمریکاش ئاشکرای دەکات کە دانوستانەکان لەگەڵ تاران بەردەوامییان هەیە.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بەوەکرد، ئەوەی تاران دەیکات تەنها بەرگریکردنە لە سنورەکانی خۆی و بە هیچ شێوەیەک خوازیاری بەردەوامیی جەنگ نییە.
لای خۆشییەوە پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە ئێستادا دانوستانەکان لەگەڵ ئێراندا بەڕێوەدەچن و ئەوەش بە دوا هەل بۆ لێپرسراوانی تاران دادەنرێت تا بگەنە رێککەوتن.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆکان لەسەر داوای تاران و بە پشتگیریی سعودیە و ئیمارات و قەتەر بەڕێوەدەچن، کە تەرخانکراون بۆ تاوتوێکردنی ئەگەری کردنەوەی گەروی هورمز.



