سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان هێرشی گروپە توندڕەوەکان بۆ سەر هونەرمەندان رەتدەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە هونەر پارێزەری ناسنامەی نەتەوەییە و نابێت رێگری لە ئازادیی داهێنان بکرێت، لە هەمان کاتدا داوای پاراستنی بەها کۆمەڵایەتییەکان دەکات لە هونەرمەندان

لەسەر رەوشی رۆژئاوا و خۆپیشاندانەکانی هەرێم، سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە؛ هونەر هەمیشە زمانی زیندووی گەلان بووە و هونەرمەندانیش پێشەنگی راستەقینەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەکان بوون، بەڵام دەبینین کۆمەڵێک تاقمی توندڕەو و خاوەن بیرکردنەوەی چەقبەستوو، پەلامار و هێرشی ناڕەوا دەکەنە سەر هونەرمەندانی نیشتمانپەروەر.

ئاماژەیان بەوەشکردوە، هونەر چرایەکە لە تاریکیدا، ئەوانەی لە روناکی دەترسن هەمیشە هەوڵی کوژاندنەوەی دەدەن، بەڵام ئەم چرایە بە هێرشی ناڕەوا ناکوژێتەوە.

 

دەقی راگەیەندراوەکەی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان

ڕاگەیەندراوێک لە سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانەوە

​بۆ ڕای گشتی و سەرجەم ناوەندە بڕیاربەدەستەکان 

 هونەر هەمیشە زمانی زیندووی گەلان بووە و هونەرمەندانیش پێشەنگی ڕاستەقینەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەکان بوون. لەم ساتەوەختە هەستیارەدا کە کوردستان لە باشوورەوە تا ڕۆژئاوا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدایە، هونەرمەندان وەک هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی خەڵک و هاوشانی ئازارەکانی نیشتمان وەستاونەتەوە.

​بەداخەوە، لەبری دەستخۆشی و هاوکاری، دەبینین کۆمەڵێک تاقمی توندڕەو و خاوەن بیرکردنەوەی چەقبەستوو، پەلامار و هێرشی ناڕەوا دەکەنە سەر هونەرمەندانی نیشتمانپەروەر. ئێمە لە سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، بە توندی ئەم هێرشانە سەرکۆنە دەکەین و ڕای دەگەیەنین

 

هونەر تەنیا جوانکاری نییە، بەڵکوو هاواری ئەو کەسانەیە کە بێدەنگ کراون.

 ئەوەی مێژووی کوردستانی لە فەوتان پاراستووە، شمشاڵی شوان و دەنگی ڕەسەنی هونەرمەندان بووە، نەک وتاری توندڕەوی و داخراوی.

​هونەرمەند سەربەستە لەوەی بە چ شێوازێک پشتگیری لە خاک و خەڵکەکەی دەکات؛ هیچ کەس و گرووپێک مافی ئەوەی نییە لە ژێر هەر ناوێکدا سنوور بۆ داهێنان و هەڵوێستی ئەوان دابنێت، لەهەمان کاتدا داوا لە هونەرمەندان دەکەین کە رێز لە بەها پیرۆزەکان و داب و نەریتی کۆمەڵگە بگرن و هەلوێستەکانیان ببێتە مایەی یەکڕیزی چینەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری.

​ئێوە ناتوانن بە زمانی هەڕەشە و ناوزڕاندن، پێش لەو ڕەوتە ڕووناکبیرییە بگرن کە هونەرمەندان ڕابەرایەتی دەکەن. تاریکپەرستی و داخراوی لە مێژووی ئەم گەلەدا جێگەی نابێتەوە. هێرشکردنە سەر هونەرمەند، هێرشکردنە سەر شکۆی نەتەوە و جوانییەکانی ژیانە.

​ئێمە وەک ماڵی گەورەی ئێوە، بە هەموو شێوەیەک پشتگیریتان دەکەین. چەکی ئێوە دەنگ و ڕەنگ و وشەیە، کە لە هەر تفەنگ و وتارێکی توندڕەوانە بەهێزترە. بەردەوام بن لە پێشەنگیی و مەهێڵن دەنگە نەشازەکان ساردتان بکەنەوە.​ هونەر چرایەکە لە تاریکیدا، ئەوانەی لە ڕووناکی دەترسن هەمیشە هەوڵی کوژاندنەوەی دەدەن، بەڵام ئەم چرایە بە هێرشی ناڕەوا ناکوژێتەوە.

ئەنجومەنی ​سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان