لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ وەفدێکی میدیایی عەرەبی لە دیمەشق، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، زنجیرەیەک پەیامی ئاڕاستەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکەی کرد، کە تێیدا هێڵە گشتییەکانی قۆناغی داهاتووی سوریای تێدا خستەڕوو.

وتارەکەی شەرع تەنها رەهەندێکی سیاسیی تەقلیدی نەبوو، بەڵکو ئاماژەی ستراتیژیی گرنگی لەخۆگرتبوو سەبارەت بە داهاتووی سوریا، یەکپارچەیی وڵات، ئاڵنگارییە ئەمنییەکان، و هەروەها ئاشکراکردنی دانوستانی پێشکەوتوو لەگەڵ ئیسرائیل کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی رێککەوتنێکی ئەمنی بە سەرپەرشتیی ئەمریکا.

ئەم پەیامانە، کە تێکەڵەیەک بوون لە دڵنیاکردنەوە و هەڵوێستی توند، و کردنەوە و داخستن، هاوسەنگییەکی ورد نیشان دەدەن کە شەرع هەوڵی بۆ دەدات: پێشکەشکردنی سوریا وەک وڵاتێک کە ئامادەیە بۆ قۆناغێکی نوێ، بەڵام بەبێ سازشکردن لەسەر "هێڵە سوورەکان" کە لە پێش هەموویانەوە یەکپارچەیی و سەروەریی خاکی سوریا دێت.

پچڕان لەگەڵ ئایدیۆلۆژیای رابردوو:

سەرۆکی سوریا لە وتەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە "درێژکراوەی بەهاری عەرەبی" و هیچ کام لە بزووتنەوە ئیسلامییەکان نییە، نە جیهادییەکان و نە ئیخوان موسلمین. ئەمەش وەک هەوڵێک دێت بۆ کێشانی وێنەی "سوریای نوێ" وەک کیانێکی سەربەخۆ کە پەیوەست نییە بە هیچ ئەجێندایەکی دەرەکی یان تاقیکردنەوەیەکی ئایدیۆلۆجییەوە.

شەرع هەروەها دووپاتیکردەوە کە یەکپارچەیی خاکی سوریا "هێڵی سوورە" و هەر جۆرە باسێک لەسەر جیابوونەوە یان پشکپشکێنە "بە تەواوی ڕەتدەکرێتەوە". ئەم پەیامە راستەوخۆیە ئاڕاستەی پێکهاتەکانی ناوخۆی سوریا کراوە، بەتایبەت ئەو دەنگانەی لە باشوری سوریا لەلایەن پێکهاتەی درووزەوە بانگەشەی جیابوونەوەیان دەکرد.

رێککەوتنی ئەمنی چاوەڕوانکراو لەگەڵ ئیسرائیل:

خاڵی هەرە دیاری لێدوانەکانی شەرع، ئاشکراکردنی دانوستانی پێشکەوتوو بوو لەگەڵ تەلئەبیب سەبارەت بە رێککەوتنێکی ئەمنی لەسەر بنەمای هێڵی ئاگربەستی ساڵی 1974.

کەناڵی 12ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، رێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکە بە نێوەندگیریی ئەمریکا و چاودێریی هەرێمی بەڕێوەدەچێت و بڵاوکردنەوەی چەکی ستراتیژی لە سوریا قەدەغە دەکات، لەوانەش مووشەک و سیستمی بەرگریی ئاسمانی.

بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان، لە بەرانبەردا دیمەشق هاوکاریی دەرەکی بۆ ئاوەدانکردنەوە بەدەست دەهێنێت، لەگەڵ چەکداماڵینی ناوچەی نێوان دیمەشق و سوەیدا. لەگەڵ ئەوەشدا، شەرع بیرۆکەی "ڕێڕەوی مرۆیی" لە ڕێگەی ئیسرائیلەوە بۆ سوەیدا ڕەتکردەوە و جەختی کردەوە کە هەر هاوکارییەک دەبێت لە ڕێگەی دیمەشقی پایتەختەوە بێت، ئەمەش وەک پابەندبوونێک بە مەرکەزییەتی دەوڵەت.

هاوکێشەی ئاڵۆز: سەروەری لە بەرانبەر سازان

ئەم دانوستانانە سەرکردایەتیی نوێی سوریا دەخاتە بەردەم هاوکێشەیەکی یەکجار ئاڵۆز: لە لایەکەوە، کردنەوەی دەرگا بۆ رێککەوتنێک کە رەنگە ببێتە کلیلی ئاوەدانکردنەوە و کەمکردنەوەی فشاری سەربازیی ئیسرائیل، و لە لایەکی دیکەشەوە، قبووڵکردنی مەرجگەلێک کە دەست بۆ کرۆکی سەروەریی سوریا دەبەن.

قەدەغەکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی و چەکی ستراتیژی، بە مانای سنووردارکردنی توانای دیمەشق دێت بۆ پاراستنی ئاسمان و سنوورەکانی، کە شرۆڤەکاران بە "سازشێکی گەورە لەسەر جەوهەری سەروەری" ناوی دەبەن.

عەبدوڵڵا حەمد، نووسەر و توێژەری سیاسی، لەم بارەیەوە دەڵێت: "شەرع ویستی راشکاو و شەفاف بێت، بە واقیعیەتێکی سیاسیی بەرزەوە قسەی کرد، بەڵام لە هەمان کاتدا پەیامی دڵنیایی بۆ ناوخۆ و دەرەوە نارد، کە سوریا چیتر گۆڕەپانی ململانێ نابێت."

رۆڵی ئەمریکا و نیگەرانییەکان

سەرۆکایەتیی سوریا پشتڕاستی کردەوە کە تۆماس باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، سەردانی دیمەشقی کردووە و وردەکاریی رێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکەی لەگەڵ سەرکردایەتیی سوریا تاوتوێ کردووە. ئەم هەنگاوە دەرگا لە بەردەم هەماهەنگیی ڕاستەوخۆی نێوان سوریا و ئەمریکا دەکاتەوە، کە وەرچەرخانێکی گرنگە لە پەیوەندییەکانیاندا.

بەڵام ئەم هەماهەنگییە لە هەمان کاتدا نیگەرانی لای بەشێک لە سورییەکان دروست کردووە، کە پێیان وایە نێوەندگیریی ئەمریکا رەنگە مەرجی وا بسەپێنێت کە سەروەریی وڵاتەکەیان لە ناوەڕۆکدا بەتاڵ بکاتەوە.

ستراتیژی نوێ: راشکاوی و کردنەوەی دەرگاکان

بە بۆچوونی عەبدوڵڵا حەمد، وتارەکەی شەرع تەنها لێدوانێکی پرۆتۆکۆلی نەبوو، بەڵکو "دانیشتنێکی راستەقینەی راشکاوانە" بوو. ئەو دەڵێت: "سەرۆک بە شەفافییەتەوە قسەی کرد، دانینا بە هەڵەکانی رابردوودا، بەڵام جەختی کردەوە کە سوریا چیتر گۆڕەپانی ململانێ نابێت، بەڵکو دەرگای بۆ هەمووان کراوە دەبێت و هەوڵی بنیادنانی ئابوورییەکی نوێ دەدات."

شەرع دیدگایەکی سیاسیی نوێی خستەڕوو کە لەسەر بنەمای رەتکردنەوەی پشکپشکێنە و پێکهێنانی حکومەتێکی تەکنۆکرات و نیشتمانی دامەزراوە، لەگەڵ هەنگاوی چاکسازی وەک دەرکردنی جاڕنامەی دەستووری، دامەزراندنی دەستەی دادپەروەریی گواستنەوە، و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی.

لەکۆتاییدا، وتارەکەی شەرع و رێککەوتنە ئەمنییە چاوەڕوانکراوەکە لەگەڵ ئیسرائیل، سوریا دەخاتە سەر دووڕیانێکی مێژوویی: یان رێککەوتنەکە دەبێتە دەروازەیەک بۆ ئاشتییەکی بەردەوام و ئاوەدانکردنەوە، یان دەبێتە ئاشتییەکی ناسەقامگیر کە سەروەریی وڵات سنووردار دەکات و دابەشبوونە ناوخۆییەکان قووڵتر دەکاتەوە.