گەشتەکانی عومرە دەستیانپێکردەوە
راهۆز
٢٦ی ئابی ٢٠٢٥
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای وەرگرتنی بەڵێننامەی یاسایی لە کۆمپانیاکان، گەشتە ئاسمانییەکان بۆ عومرە دەستیانپێکردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، لە دیوانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە، شێخ نیاز ڕاغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتی، لەگەڵ سەرجەم خاوەن کۆمپانیاکانی تایبەت بە عومرە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەوە کراوەتەوە، کە مافی هاووڵاتیان و عومرەکاران "هێڵی سوورە" و دەبێت بە باشترین شێوە خزمەت بکرێن و هیچ دواکەوتنێک لە گەشتەکانیاندا قبووڵکراو نییە.
بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە رایگەیاند، کۆمپانیاکان دەبێت بەرپرسیارێتیی تەواوی دواکەوتنی گەشتەکان هەڵبگرن و بە پێچەوانەوە روبەروی لێپێچینەوەی یاسایی، کارگێڕی و دارایی دەبنەوە.
لە بەرانبەردا، هەر حەوت کۆمپانیاکەی بواری عومرە لە هەرێمی کوردستان، بەڵێننامەیان لە دادنووس پڕکردەوە و پابەندبوونی خۆیان بە سەرجەم رێنماییەکان و گەڕاندنەوەی عومرەکاران لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا دووپاتکردەوە.
دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومڕە بڕیاریدا هەر ئەمڕۆوە گەشتە ئاسمانییەکان بۆ عومرە دەستپێبکرێنەوە و گەشتەکان ئاسایی ببنەوە، بەشێوەیەک کە تەواوی مافی عومرەکاران گەرەنتی کراوە.
جێی باسە، پێشتر رۆژی 19ی ئابی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە بەهۆی دواکەوتنی گەڕانەوەی عومرەکاران، بڕیاری راگرتنی سەرجەم گەشتەکانی عومرەی دەرکردبوو.