لە سەردانێکدا بۆ سلێمانی ساڵح موسلیم، سەردانی مەزاری سەرۆک مام جەلالی کرد لە سلێمانی و لە یاداشتێکدا رێز و وەفای خۆی بۆ ئەو سەرکردە مێژووییە دووپاتکردەوە.

ساڵح موسلیم لە یاداشتەکەیدا کە بە دەستوخەتی خۆی لەسەر مەزاری مام جەلال نووسیوێتی؛

"بەهۆی ئەو پیلانە سیاسیانەوە کە لە دژی دەگێردرێت، کوردستان ئەمڕۆ لە هەمووکاتێک زیاتر پێویستی بە ئێوەیە، بەڵێنتان پێدەدەین کە لەسەر ئەو رێچکەیە بڕۆین کە ئێوە و سەرۆک ئاپۆ نەخشەتان کێشاوە، تاکو ئازادی و سەقامگیری بەرقەرار دەبێت بۆ گەلەکەمان و ناوچەکە."

ئەم پەیامە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و جەخت لە ڕۆڵ و پێگەی مێژوویی مام جەلال دەکاتەوە وەک سەرکردەیەک کە هەمیشە پشتیوانی گەلانی ناوچەکە بووە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان.

سەردان و پەیامەکەی ساڵح موسلیم نیشانەی بەردەوامیی ئەو پەیوەندییە سیاسی و نەتەوەییەیە کە مام جەلال دایڕشتبوو و جارێکی دیکە ئەو راستییە دەسەلمێنێت کە کۆچی دوایی ئەو سەرکردەیە بۆشاییەکی گەورەی لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان و ناوچەکەدا دروست کردووە.