لە روداوێکی چەکداریدا لە ناوچەیەکی دوورەدەستی ئوسترالیا، دوو ئەفسەری پۆلیس کوژران و یەکێکی دیکەش بە سەختی برینداربوو. پۆلیسی ڤیکتۆریا ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ دەستگیرکردنی تەقەکەرە هەڵاتووەکە راگەیاندووە و داوا لە هاوڵاتیان دەکات لە ناوچەکە دووربکەونەوە.

پۆلیسی ئوسترالیا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان بۆ دۆزینەوەی چەکدارێک دەستیپێکردووە کە لە ناوچەیەکی لادێی ویلایەتی ڤیکتۆریا تەقەی لە هێزەکانی پۆلیس کردووە . بەپێی زانیارییەکانی میدیا ناوخۆییەکان، لەم روداوەدا دوو ئەفسەری پۆلیس کوژراون و ئەفسەرێکی دیکەش بە سەختی برینداربووە.

لە راگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی رەسمی خۆی بڵاویکردووەتەوە، پۆلیسی ڤیکتۆریا پشتڕاستیکردەوە کە روداوەکە بەیانی رۆژی سێشەممە بە کاتی ناوخۆیی، نزیک کاتژمێر 10:30خولەک لە نزیک شارۆچکەی پۆرپونکا (Porepunkah) رویداوە، کە دەکەوێتە دووری نزیکەی 300 کیلۆمەتر (190 میل) لە باکووری رۆژهەڵاتی مێلبۆرن.

پۆلیس ئاشکرای کرد کە ئەفسەرە بریندارەکە "لەلای خوارەوەی جەستەیەوە بە سەختی بەرکەوتووە" و دەستبەجێ گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، "پێدەچێت دە ئەفسەری پۆلیس چووبنە شوێنی روداوەکە لە رێڕەوی راینەر (Rayner Track)"، بەڵام هیچ ئەفسەرێکی دیکە لە روداوەکەدا زیانی پێنەگەیشتووە و لە ئێستادا لە شوێنی ڕووداوەکە ماونەتەوە.

هێزەکانی پۆلیس ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و پشکنینی فراوانیان بۆ دۆزینەوەی تەقەکەرەکە دەستپێکردووە و هۆشداری دەدەن کە دۆخەکە هێشتا کۆنتڕۆڵ نەکراوە و مەترسیدارە. هاوکات داوا لە هاوڵاتیان کراوە خۆیان لە چوونە ناوچەکە بەدوور بگرن.