سەرۆك وەزیرانی عیراق رایدەگەیەنێت، كار لەسەر ئەوە دەكەن كە گروپە چەكدارەكان لە چوارچێوەی یاسادا یەكبخەن، چونكە حكومەت سورە لەسەر بنیاتنانی عیراقی نوێ.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق وتیشی، عیراق رۆڵی نێوەندگیر لە ناوچەكدا دەبینێت و بەغداد بوەتە ناوەندی گفتوگۆ و كەناڵی پەیوەندی لەنێوان لایەنەكان دروستدەكات.

ئەوەش لەكاتێكدایە، لە ناوەڕاستی ئەم مانگە فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق رایگەیاند، حكومەتی عیراق دەیەوێت گروپە چەكدارەكان رازی بكات چەكەكانیان دابنێن.

هاوكات، عزت شابەندەر سیاسەتمەداری عیراق رایگەیاند، هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەكدارەكانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عیراق بڕیاری لەسەر دراوە.

عەلی ئەسەدی سەرۆكی مەكتەب سیاسی بزوتنەوەی نوجەبا رایگەیاند، مقاوەمەی ئیسلامی هیچ بانگهێشتنامەیەكی لەلایەن حكومەتەوە بەدەست نەگیشتووە بۆ دانانی چەك و لێدوانەكانی وەزیری دەرەوەش رەتدەكەنەوە.