شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق سەردانی پارێزگای سلێمانی کرد و لەلایەن د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانییەوە پێشوازی لێکرا.

لە راگەیەندراوێکیشدا کە پارێزگای سلێمانی بڵاویکردووەتەوە، تێیدا هاتووە، "د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لە دیوانی پارێزگادا، پێشوازیکرد لە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراقی فیدراڵ، دواتر لەسەر دەستپێشخەریی و پێشنیازی کۆمپانیای ئەندازیاریی ڤیو پایۆنێر، کە بایەخ بە شوێنەوارو کولتور دەدات، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دروستکردنەوەی پردی کۆنی شوێنەواریی قلیاسان کرا".

ئاماژە بەوەشدراوە، "لە کۆبوونەوەکەدا جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ کاروباری کارگێڕی و بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەری شوێنەواری پارێزگای سلێمانی ئامادەی بوون، رێکاری پێویست دیاری کراو بە مەیدانیی شوێنی پردە کۆنەکەی قلیاسان بەسەرکرایەوەو وابڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە دروستکردنەوەی بکرێت".