ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەسەر چوار پرۆژەیاسای مشتومڕهەڵگر كۆدەبێتەوە، كە دووانیان تایبەتن بە هەرێمی كوردستان و گەلی كورد.

بەگوێرەی كارنامەی كۆبوونەوەكان، ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆدەبێتەوە و كۆبوونەوەكەش لە 10 بڕگە پێكهاتووە. چوار بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە، تایبەتكراوە بە دەنگدان بە چوار پرۆژەیاسای مشتومڕهەڵگر بە جیا. یەكەم هەمواری یاسای بوودجە تایبەت بە هەناردەی نەوتی هەرێم. دووەم، هەمواری یاسای باری كەسێتی. سێیەم، هەمواری یاسای لێبووردنی گشتی. چوارەم، پرۆژەیاسای گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنەكانیان.

خاوەندارێتی پرۆژەیاساكان بەجۆرێكە، هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی تایبەت بە پێكهاتەی سوننە و هەمواری یاسای باری كەسێتی تایبەتە بە پێكهاتەی شیعە، هەروەها هەمواری یاسای بوودجە تایبەت بە نەوتی هەرێم و گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنەكانیان لە كەركوك، تایبەتن بە گەلی كورد.

ئەوەش لەكاتێكدایە، تائێستا هیچ رێككەوتنێكی سیاسی گشتگیر بۆ تێپەڕاندنی ئەو پرۆژەیاسایانە لە ئەنجومەنی نوێنەران نەكراوە و بەوهۆیەشەوە لە رابردوودا بەجیا پرۆژەیاساكان چەند جارێك خراونەتە دەنگدانەوە، بەڵام پەسەند نەكراون.