دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەڵگیرا و بڕگەی دەنگدان بە هەمواری یاسای بودجەش بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.

كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ دەنگدان بە هەمواری یاسای بودجەی عیراق بەڕێوەچوو، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی لەكاتی دەنگدان لەسەر ئەو بڕگەیە، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بڕگەی هەمواری بودجەی بۆ كاتێكی نادیار دواخست.

هەر لە دانیشتنەكەی ئەنجومەنی نوێنەراندا دەنگ درا بە پڕۆژەیاسای دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی و خوێندنەوەی یەكەمیش كرا بۆ پرۆژەیاساكانی رێكخستنی كرێی خزمەتگوزارییەكان لە فەرمانگەكانی دەوڵەت و پێشنیازە یاسای هەمواری یەكەمی یاسای دەستەی گشتیی چاودێریی داهاتە فیدراڵییەكان.

هەر بەپێی كارنامەی كۆبوونەوەكان، رۆژی سێشەممەی داهاتوو ئەنجومەنی نوێنەران كۆدەبێتەوە، بەڵام هەمواری یاسای گشتی بودجەی عیراق لە كارنامەكەدا نییە.