ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، پرۆژەیاسایەك پێشكەش بە سەرۆكایەتی ئەنجومەن دەكەن و تیایدا داوای پێدانی تایبەتمەندی و دەستكەوتی دارایی بەو كەسانە دەكەن كە بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەن.

لە پرۆژەیاساكەدا هاتووە، ئەو كەسانەی دەنگ  دەدەن و دانەمەزراون، لە كاتی دامەزراندندا لە پێشینەی ئەو كەسانە بن كە ناویان بۆ دامەزراندن دەگەڕێتەوە لە دامودەزگاكانی حكومەتدا.

هەر هاووڵاتییەكیش كە لە كەرتی تایبەت كار دەكات و بەشداری لە هەڵبژاردن دەكات، تاكو بڕی یەك ملیۆن دینار لێخۆشبوونی لە باج بۆ بكرێت.

بەشێكی دیكەی پڕۆژە یاساكە باس لەوەدەكات، ئەو ئەفسەر و پۆلیسانەی پڕۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەدەبەن، خزمەتی 6 مانگ  بخرێتە سەر كۆی خزمەتیان لەو دامەزراوەی كە كاری تێدا دەكەن.

ئامانج لەم پڕۆژەیاسایە ئەوەیە، رێژەی بەشداری دەنگدەران بەرز بكرێتەوە، بەو پێیەی لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021 دا رێژەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بۆ نزیكەی لە 41% دابەزیوە.