سبەینێ دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران، بۆ دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای بودجە تایبەت بە هەناردەی نەوتی هەرێم بەڕێوەدەچێت و سەرۆكی لیژنەی داراییش دەڵێت، ئامانج لە هەموارەكە كۆنتڕۆڵكردنی هەناردەی نەوتی هەرێمە لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە.

بەگوێرەی كارنامەی دانیشتنەكە، بڕیارە سبەینێ سەعات 1ـی دوانیوەڕۆ دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەبچێت و یەكەم بڕگەی دانیشتنەكەش، دەنگدانە لەسەر هەمواری بڕگەی12ـی یاسای بودجە تایبەت بە هەناردەی نەوتی هەرێم، كە تیایدا تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم، لە شەش دۆلارەوە بۆ 16 دۆلار زیادكراوە.

لەوبارەیەوە، عەتوان عەتوانی سەرۆكی لیژنەی دارایی رایگەیاند، هەموارەكە سەرەتایەك دەبێت بۆ بنیادنانی پەیوەندییەكی یاسایی لەنێوان بەغداد و هەولێر و هاوكاریكردنی هەرێم لە ئیدارەدانی كەرتی وزەدا.

 وتیشی، ئامانج لە هەموارەكە كۆنتڕۆڵكردنی هەناردەی نەوتی هەرێمە لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە.

هاوكات، موختار مەحمود، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە هاوپەیمانی فەتح دەڵێت، ناكۆكی قوڵی سیاسی لەسەر هەمواری یاسای بودجە هەیە و بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دژی هەموارەكەن، بەوپێیەش ئەستەمە سبەینێ بخرێتە دەنگدانەوە و پەسەند بكرێت.

دەشڵێت، رەنگە سبەینێ بەشێك لە پەرلەمانتارەكان بایكۆتی دانیشتنەكە بكەن و رێژەی یاسایی دانیشتنەكە تەواو نەكرێت.