سودانی: پەیوەندی نێوان ئەمریكا و عیراق دامەزراوەییە
ئاکام
١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
لە دوای گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوڕاست و سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردروای ئەمریکا، سەرۆك وەزیرانی عیراق رایدەگەیەنێت، پەیوەندی نێوان ئەمریكا و عیراق دامەزراوەییە و كۆنتڕۆڵی گروپە چەكدارەكانیان كردووە.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە میانی سەردانەكەیدا بۆ بەریتانیا لە چاوپێككەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی سكای نیوز رایگەیاند، دوای سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە و ئەرێنی بووە و هەردولا ئارەزووی هاریكاری و كاركردنیان كردووە بەیەكەوە.
لە بارەی گۆڕانی رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لەدوای وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن ترەمپەوە، سودانی وتی، گەلی ئەمریكا دەنگیان بە ترەمپ داوە و پەیوەندی نێوان عیراق و ئەمریكاش دامەزراوەییە و لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا بەیەكەوە كار دەكەن.
دەشڵێت، حكومەت یاسا جێبەجێ دەكات و كار لەسەر چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری دەكەن و هەموو جۆرە توندوتیژیەك رەتدەكەنەوە و كۆنتڕۆڵی گروپە چەكدارەكانیان كردووە.
رۆژی 20ی ئەم مانگە لە کۆشکی سپی، رێوڕەسمی ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵات لە نێوان جۆ بایدن و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، چاوەڕوانیش دەکرێت لە رۆژی دەستبەکاربوونیەوە ترەمپ چەند بڕیارێکی گرنگ دەربکات.