وەزیری دەرەوەی عیراق رایگەیاند، عیراق دەستدەكاتەوە بە هەناردەكردنەوەی نەوت و دانەوێڵە بۆ سوریا بە مەرجێك بگات بە دەستی هەموو سورییەكان.

فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندووە، عیراق لە بارەی سوریاوە دڵنیا نییە، ئەگەر پرۆسەیەكی سیاسی گشتگیر ئەنجام بدرێت دەبێتە دڵنەوایی بۆ بەغداد.

دەشڵێت، عیراق هەناردەی نەوت بۆ سوریا دەستپێدەكاتەوە و بڕەكەشی زیاد دەكات و دانەوێڵەشی بۆ دەنێرێت، بە مەرجێك بگاتە هەموو ناوچەكانی سوریا و دەستی سەرجەم سورییەكان.

فوئاد حسێن وتیشی، لە نێوان عیراق و سوریادا گفتوگۆ هەیە و بەغداد نیگەرانی داعشە و لەگەڵ دیمەشق لە پەیوەندیدان لەو بارەیەوە، بوونی سوریایەكی سەقامگیریش بە بەشداریكردنی سەرجەم پێكهاتەكانی ئەو وڵاتە دێت لە پرۆسەی سیاسیدا.