وەزارەتی نەوتی عیراق گرێبەستێك لەگەڵ دوو كۆمپانیای ئەمریكی و چینی ئیمزا دەكات بۆ ئەوەی وەبەرهێنان بە بڕی 1.7 ملیار دۆلار لە غازدا بكەن.

باسم عەبدولكەریم بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیا نەوتییەكان لە وەزارەتی نەوتی عیراق بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، وەزارەتی نەوت و كۆمپانیای "هالیبێر تۆنی ئەمریكی" گەیشتوونەتە رێكەوتن بۆ ئیمزاكردنی گرێبەستێك بۆ بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەی نەهر بن عومەری نەوتی لە بەسرە.

دەشڵێت، "هالیبێر تۆن" یارمەتی عیراق دەدات بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت لەو كێڵگەیەدا و بڕەكەی دەگەیەنێتە 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا.

وتیشی، كۆمپانیاكە رۆژانە 300 ملیۆن پێ سێجا غاز لەو كێڵگەیەدا بەرهەمدەهێنێت و ئەمەش سودی دەبێت بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی كارەبا.

هاوكات كۆمپانیای پترۆ چاینای چینی كار لە هەمان كێڵگە دەكات و بە بڕی یەك ملیار و 700 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە غازی ئەو كێڵگەیەدا دەكات.