بەهۆی گۆڕانکاری کەش و هەواوە عیراق بەشێکی زۆری ناوچەکانی روبەروی وشکەساڵی بونەتەوە و  بەپێی راپۆرتێکیش کە ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردوەتەوە 30%ی زەوی کشتوکاڵی لە دەستداوە.

سەرۆکی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لەعیراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاشکرایکرد، عیراق لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا نزیکەی 30%ی زەوییە کشتوکاڵییە بەرهەمدارەکانی لەدەستداوە.

ناوەندەکە راشیگەیاندووە، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین زیانی گۆڕانکاریی کەشوهەوای لەسەرە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەو پێیەی ئەو گۆڕانکارییانە تادێت کاریگەریەکانی لەسەر  لە ئاو، کشتوکاڵ، تەندروستی، و کەرتەکانی ئابووری، خراپتر دەبێت. 

ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەشکرد، عیراق بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرمای بە خۆیەوە بینیوە بەڕێژەی 1.2 پلەی سەدی بە بەراورد بە پێش ناوەڕاستی سەدەی بیستەم، پێشبینیش دەکرێت تا ساڵی 2050 پلەکانی گەرما بەرزبوونەوەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت و بگاتە 2.5 پلەی سەدی ئەگەر رێوشوێنی پێویست نەگیرێتەبەر.

ماوەی چەند ساڵێکە عیراق بەدەست قەیرانی ئاوەوە دەناڵێنێت، بەڵام لە چوار ساڵی رابردوودا قەیرانی ئاو زیاتر بووە و گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار، هۆکارەکەشی بۆ ئەو  وشکەساڵییەوە دەگەڕێتەوە کە تەواوی ناوچەکەی گرتوەتەوە.