نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عیراق رایگەیاند، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان لە بواری وزە لەگەڵ کۆمپانیای بریتش پترۆلیۆمدا ئیمزا کرد.

نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عیراق رایگەیاند، یاداشتێكی لێكتێگەیشتن ئیمزا كرا بۆ هەڵسەنگاندنی ئەگەری گەشەپێدانی تەواوەتی چوار كێڵگەی نەوتی لە كەركوك.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجیان ئەوەیە بتوانن پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوتی کۆپانیای نەوتیی باکوور بدەنە دەست کۆمپانیای بریتش پرتۆلیۆم، لەپێناو زیادكردنی بەرهەمهێنان و گەیشتن بە باشترین رێژەی بەرهەمهێنان لە نەوت و گاز.

دوێنێ بە سەردنێکی رەسمی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عیراق گەیشتە بەریتانیا و لەگەڵ شا چارلزی سێیەم و چەند بەرپرسێکی دیکەدا کۆبووەوە و باسیان لە چەندین پرسی وەک بوارەكانی ئابووری و گەشەسەندن و پیسبوونی كەشوهەوا و رۆشنبیریدا كرد.

دوای کۆبوونەوەشی لەگەڵ هاوتا بەریتانییەکەی، رێككەوتن بۆ گەڕانەوەی ئەو پەنابەرە عیراقییانەی كە مافی پەنابەرێتیان نییە.

سودانی و کێیر ستامەر سەرکوەزیرانی بەریتانیا چەند رێككەوتنێكیان بە بەهای ١٢ ملیار پاوەن لە بوارەكانی وزە، ئابووری، وەبەرهێنان و ئاسایش و كۆچ و پەروەردە و ژینگەدا ئیمزا كرد.