سودانی و شا چارلزی سێیەم کۆبوونەوە
هەساو ئەمیر
١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
لە چوارچێوەی گەشتەکەیدا بۆ بەریتانیا، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عیراق و شا چارلزی سێیەم کۆبوونەوە و باسیان لە چەند بابەتێک کرد.
دوای ئەوەی ئەمڕۆ بە سەردانێکی رەسمی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عیراق گەیشتە بەریتانیا، لە کۆشکی بەکینگهام لە لەندەنی پایتەخت لەگەڵ شا چارلزی سێیەم کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە هاوکاری دووقۆڵیی نێوان عیراق و بەریتانیا کرد.
بەپێی راگەیەنراوی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران، هەر لە کۆبوونەوەیاندا باسیان لە چۆنییەتی دامەزراندنی هاوبەشییەکی بەرهەمهێنەر لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ئابووری و گەشەپێدان کردووە، هاوکات، باسیان لە هاوکاریکردنی هەردوو وڵات کردووە لە بواری بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و دەرفەتەکانی پەرەپێدانی هەماهەنگی کلتووری.
لەو بارەیەوە سودانی جەختی کردووەتەوە لەسەر سووربوونی عێراق بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان لە بوارە جیاجیاکاندا، بەشێوەیەک کە بەرژەوەندییە هاوبەش و بەردەوامەکانی هەردوو گەلی عێراق و بەریتانیا بەهێز بکات.




