تیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و پەری نوری نوێنەری خانمی یەکەمی عیراق تایبەت بە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان راگەیەنراوێکیان بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، بەبێ پشکنینی 'دی ئێن ئەی' هیچ رووفاتێک رادەستی خێزانەکان ناکرێت.

لە راگەیەنراوەکەدا ئەوە هاتووە، تیمەکانی هەڵدانەوەی گۆرەبەکۆمەڵەکان لە بەرواری ٢٠٢٤/١٢/١٤ـەوە بە چاودێری رێکخراوی ( ICMP ) نێودەوڵەتی و نوسینگەی خانمی یەکەمی عێراق دەستیان کردووە بە هەڵدانەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە تەل ئەلشێخییە لە بیابانەکانی سەماوە کە بە شێوەیەکی زانستیانە رووفاتەکان هەڵدەگیرێتەوە لە پاش سەرجەم رێکارە یاساییەکان بۆ هەر رووفاتێک، هەر بۆیە لەو کاتەوە تا بەرواری ٢٠٢٥/١/١٢، ١٠٥ رووفات هەڵگیراوەتەوە و ١١٥ بەڵگە دۆزراونەتەوە.

ئەوەش خراوەتە روو، "لە ئێستادا تیمەکان بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ هەڵگرتنەوەی سەرجەم رووفاتەکانی ناو ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە، هەر بۆیە سەرجەم ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە کە باس لەوە دەکات رووفاتەکان دەرکەوتووە سەر بە ناوچەیەکی دیاری کراو بێت، چونکە ئەو بەڵگانەی تاوەکو ئێستا دۆزراونەتەوە لە ناسنامەکان هیچ نووسینێکی پێوە نەماوە تەنها ژمارەی سەر ناسنامەکان نەبێت".

ئاماژە بەوەشکراوە، "پاش هەڵگرتنەوەی سەرجەم رووفاتەکان دەست دەکرێت بە رێکارەکانی دیکە، کە ئەویش بەدواداچوونە بۆ ژمارەی سەر ناسنامەکان تاوەکو بزانرێت بۆ چ ناوچەیەک دەگەرێتەوە و پاشان بەبێ پشکنینی ( DNA ) هیچ رووفاتێک رادەستی خێزانەکان ناکرێتەوە، تاوەکو ئەوکاتەی بەتەواوی ئەنجامی پشکنینەکە یەکلایی نەکرێتەوە رووفاتەکەی بۆ چ خێزانێک دەگەڕێتەوە".

لە راگەیەنراوەکەی تیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و نوێنەری خانمی یەکەمی عیراق ئەوەش روونکراوەتەوە، "هەموو رێکارە یاسایی و زانستی و پزیشکییەکان دەگرینە بەر بۆ ئەوەی قۆناغ بە قۆناغ رێکارەکان جێبەجێ بکرێت، بۆیە جارێکی تر دڵنیایی سەرجەم کەس و کاری سەربەرزی جینۆسایدی ئەنفال دەکەینەوە کە تیمەکان بە شێوەیەکی هونەری زانستی کارەکانیان دەکەن و پاش پشکنینی ( DNA ) و یەکلابوونەوەی هەر رووفاتێک کە بۆ چ خێزانێک دەگەڕێتەوە پاشان بە مەراسیمی تایبەتی شایستە رووفاتەکان رادەستی خێزانەکان دەکرێتەوە".

رۆژی ٢٢ی ١٢ی ساڵی رابردوو، بە ئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە بیابانی تەل ئەلشێخیەی پارێزگای سەماوە راگەیەنرا کە بە جلوبەرگەکانیاندا دەرکەوت کوردن و زۆرینەی رووفاتەکانی ناوی ژن و منداڵن.

 تاوەکو ئێستاش بەشێوەی زانستیانەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکە بەردەوامە و پاشماوەی چەندین جلوبەرگ و ناسنامە و کەرستەی بەکارهێنانی رۆژانەی تێدا دۆزراوەتەوە و بەپێی جلەکانیان وادەردەکەوێت، ئەو تاوانە بەرامبەر بە کوردەکان لە وەرزی هاویندا ئەنجامدرابێت.

تاوانی ئەنفال:

حکومەتی بەعس بە چەندین شێواز هەوڵی تەعریبکردنی ناوچە کوردییەکانی داوە و لە سەرەتاشدا لە گوندەکانی کەرکوک و دەوروبەری دەستیپێکرد لە ساڵی ١٩٦٣، جگە لە راگواستن و بێسەروشوێنکردنی کوردانی فەیلی لە ساڵانی ٧٠ و ٨٠کاندا. دواتر ئەنفالکردنی هەشت هەزار کەس 'ئەنفالی بارزانییەکان' لە ساڵی ١٩٨٣ و بەکارهێنانی چەکی کیمایی لە چەندین ناوچە، کە دیارترینیان هەڵەبجە بوو.

ئەوە جگە لەوەی نزیکەی پێنج هەزار گوند لەنێوان ساڵآنی ٧٠ بۆ کۆتایی ٨٠کاندا خاپورکراون.

ئەو گۆڕە بە کۆمەڵەی لە سەماوە دۆزراوەتەوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٨، کە لە ساڵی ١٩٨٨ و بە دواوە، حکومەتی بەعس لەژێر ناوی سورەتی "الأنفال"دا بە شەش قۆناغ تاوانی ئەنفالی دژ بە کورد ئەنجامدا، لەو پڕۆسەیەدا حکومەتی بەعس بە سەرکردایەتی عەلی حەسەن مەجید، ١٨٢ هەزار هاووڵاتی مەدەنیان زیندەبەچاڵ کرد.

لەبارەی بەکارهێنانی ناوی ئەو سورەتەی قورئان، ماڵپەڕی رەسمی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە ئەمریکا نووسیویەتی، "ناوی ئەو سوورەتە بۆ ئەو پرۆسەیە لەلایەن حزبی بەعسەوە بە هەڵە بەکارهاتووە".