حکومەتی هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا باس لەوە دەکات، "حکومەتی عیراق بە بەردەوامی لە بەرپرسیاریەتییە دەستوریيەکانی خۆی دزیوەتەوە"، راشیگەیاندووە، دەبوو بەر لە ٢٠٠٥ ریفراندۆم لە ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجامبدرایە و ئێستاش دەیەوێت گرێبەستی نەوت و گاز ئیمزا بکات بەبێ لەبەرچاوگرتنی دەستوور.

حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، بەپێی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقی فیدڕاڵ بۆ ساڵی ٢٠٠٥، دەبێت پڕۆسەی ریفڕاندۆم لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجام بدرێت و حکومەتی فیدڕاڵی پابەند کراوە پێش ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٧ ئەو پڕۆسەیە جێبەجێ بکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "چ پێش ئەو رێککەوتە، چ لەو ٢٠ ساڵەی رابردودا، سەرجەم حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عیراق لە ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفڕاندۆم بە تەواوی شکستیان هێناوە".

ئەوەشی خستووەتە روو، ئێستا حکومەتی عیراق ئامادەکاری دەکات بە شێوەیەکی تاکلایانە، نەوت و گازی ئەم ناوچانە ببات، لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان و لە چوارچێوەی مادەی ١٤٠، داواکاری رەوای ئەم ناوچانە دەکات.

حکومەتی هەرێم راشیگەیاندووە، "بەپێی هەردوو مادەی ١١٠ و ١١٥ی دەستووری عیراق بۆ ساڵی ٢٠٠٥، مافی رەها و تاکلایانە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات کێڵگە نەوت و گازە تازە دۆزراوەکان بەڕێوە ببات، هاوکات، ماددەی ١١٢، ئاماژە دەدات حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێم کێڵگەی نەوت و گازە پێشوو دۆزراوەکان (کۆنەکان) بە هاوبەشی بەڕێوەببەن، وەک ئەوانەی لە کەرکوک و لە ناوچەکانی دەوروبەری هەن، هەروەها بەغداد پابەند کراوە لەگەڵ هەرێم سەبارەت بە دابەشکردنی داهاتی ئەو کێڵگە پێشوو دۆزراوەکان (کۆنەکان) رێکبکەوێت".

دەشڵێت، "حکومەتی هەرێم بەردەوام ئامادە بووە بەشداربێت بۆ ئەم رێککەوتنانە، بەڵام حکومەتی فیدڕاڵی بە بەردەوامی لە بەرپرسیاریەتییە دەستووریيەکانی خۆی دزیوەتەوە، ئێستا حکومەتی فیدڕاڵی لە هەوڵی ئەوەدایە گرێبەستی نەوت و گاز واژۆ بکات، بەبێ ئەوەی ماددەکانی دەستور بە گشتی و بە تایبەت هەردوو ماددەی ١٤٠ و ١١٢، لەبەرچاو بگرێت".

حکومەتی هەرێم هۆشداریش دەدات و ئاماژەی بەوەکردووە، "حکومەتی هەرێم بە مافی دەستوريی خۆی دەزانێت، بە هەموو رێکارە جیاوازەکان کە دەستەبەر بێت، بەرگری لە مافە دەستورییەکانی بکات و کار لەسەر جێبەجێکردنی یاساکان دەکات بۆ پاراستنی مافە دەستوریيەکانی خەڵکی کوردستان و کەرکوک".