رێككەوتنی بەغداد و ئەنکەرە لەسەر پشكی ئاوی عیراق كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، پەرلەمانتارێكیش دەڵێت، رەوشی ئاو لە عیراق باش دەبێت.

باقر سەعدی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، رۆژی یەكشەممە  دەست بە جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەنکەرە لەسەر دۆسیەی ئاو لەگەڵ عیراق كراوە.

دەشڵێت، سەردانی ئەم دواییەی سودانی لە 1ی تشرینی دووەمی رابردوو بۆ ئەنکەرە و دیداری لەگەڵ ئەردۆغان، مەلەفی ئاوی تاوتوێكردووە و رێككەوتنیان لەباری زیادكردنی پشكی ئاوی عیراق لە رووبارەكانی دیجلە و فورات كردووە.

بەپێی ڕێككەوتنی هەردوولا، هاوكاری لە رێگەی پرۆژەی هاوبەش بۆ باشتركردنی بەڕێوەبردنی ئاو لە روباری دیجلە و فورات دەكرێت و كۆمپانیا توركییەكانیش بە مەبەستی هاوكاریكردن بۆ دروستكردنی بەنداوەكان لە عیراق بانگهێشت دەكرێن و رێككەوتنەكەش بۆ ماوەی 10 ساڵ بەردەوام دەبێت و ساڵانە درێژ دەكرێتەوە.