بە ئامادەبوونی فەرماندەی گشتی سوپای ئێران و سەرۆکی نوسینگەی فەرماندەیی گشتیی ھێزە چەکدارەکان و بەشێک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای ئێران، ھێزی ئاسمانی ئەو وڵاتە مانۆڕێکی سەربازی دەستپێکرد.
حەمید واحدی فەرماندەی ھێزی ئاسمانی ئێران ڕایگەیاند، بۆ یەکەم جارە مانۆڕێکیان بە بەشداری سەرجەم بنکەکانی ھێزی ئاسمانی دەستپێکردووە و تیایدا ژمارەیەک فڕۆکەی شەڕکەر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان تاقیکراونەتەوە کە ھەڵگری چەندین جۆری نوێ لە بۆمبی زیرەک و موشەکی لەیزەر بوون و لەلایەن شارەزایانی ناوخۆی وڵاتەکەوە دروستکراون.
مەزڵوم کۆبانی، فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات "ھەسەدە" ڕایگەیاند، ئامانجی حکومەتی تورکیا لە بۆردومانەکردنی کۆبانێ بۆ دورستکردنی شەڕە لە ناوچەکەدا.
مەزلوم کۆبانی ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کاتێکدا سورییەکان داوای ئاشتی دەکەن، تورکیا بۆردومانی خەڵکی مەدەنی دەکات و ڕێککەوتنەکان پێشێل دەکات. کۆبانی داوای لە وڵاتانی پەیوەندیدار کردووە بە ئەرکی خۆیان ھەڵسن و ئەم کارانە ڕابگرن.
ڕۆژی چوارشەممە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا لە گەڕەکی کۆبانێی نوێ ئۆتۆمبێلێکی بۆردومان کرد و لە ئەنجامدا چەند کەسێک گیانیان لە دەستدا.
بۆغدانۆف ھەڵوێستی ڕووسیای لە بارەی ئەگەری دروستبوونەوەی شەڕ لە نێوان تورکیا و شەڕڤانان ڕاگەیاند و وتی، ڕووسیا دژایەتی دەستپێکردنەوەی ھەر شەڕ و پێکدادانێک دەکات و وتیشی وڵاتەکەی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ سورییەکاندا ھەیە بە کوردەکانیشەوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕەجەب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و چەند بەرپرسێکی تورکیا باسیان لە ئەگەری ھێرشکردنە سەر ڕۆژئاڤای کوردستان کرد و مەزڵوم کۆبانێش فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات دەڵێت، تورکیا دەیەوێت شەڕ ھەڵبگیرسێنێتەوە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، لە میانی سەردانێکی بۆ چەند وڵاتێکی کیشوەری ئەفریقا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ئۆپراسیۆنەکانیان دژی تیرۆر لە ناوچەکە، بە تایبەت لە سوریا بەردەوام دەبن و پاشەکشەی لێناکەن، لە بارەی کردنە ئامانجی سوپای وڵاتەکەشی لە ئیدلب وتی، ھەڵوێستیان بەرامبەر حکومەتی سوریا، بەردەوامبوونە لە ئەرکەکانیان و وەڵامدانەوەیان بە چەکی قورس.
ھەڕەشەکانی ئەردۆغان دوای ئەوە دێت، ھەفتەی ڕابردوو بەھۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو بە کاروانێکی سەربازیی تورکیا لە ئیدلب، پێنج سەربازی تورکیا کوژران و برینداربوون.
"د. جوان مستەفا" ھاوسەرۆکی دەستەی تەندروستی باکور و خۆرھەڵاتی سوریا رایگەیاند، ژمارەی توشبوون بە کۆرۆنا زیادی کردووە و دەرمان و ئۆکسجین و تاقیکردنەوەکان کەمی کردووە، بەراورد بە دوو مانگی رابردووش رێژەی گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسەکە لە باکور و خۆرھەڵاتی سوریا لە ٥٠% زیادی کردووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، گرفتی کەمی ڤاکسینی کۆرۆنایان ھەیە و ڤاکسینەکە بەشی تەنھا لە ٢%ی دانیشتوان دەکات و لە ھەندێ ناوچەش دەستناکەوێت. باکور و خۆرھەڵاتی سوریا ھەرێمێکی خۆبەڕێوەبەرییە و نزیکەی پێنج ملیۆن کەس تیایدا دەژین.
بە پێی ھەواڵێکی ئاژانسەکانی ڕۆژئاڤا، سوپای تورکیا لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفرۆکەوانەوە، دوو ئۆتۆمبێلی مەدەنی لە گەڕەکێکی کۆبانێ کردووەتە ئامانج، کە ئەو دوو ئۆتۆمبێلە لە بەردەم ئەنجومەنی دادوەری کانتۆنی کۆبانێ بووە، بەھۆی بۆردومانەکەشەوە ٢ کەس کوژراون و ٤ی تریش برینداربوون و یەکێک لە بریندارەکان ھاوسەرۆکی دەستەی دادوەری کۆبانێیە.
ھەر بە پێی ھەواڵەکە زیانی ماددیش بە چەندین ئۆتۆمبێلی ھاووڵاتیان و دەوروبەری شوێنەکە گەیشتووە.
"ئەنتۆنی بلینکن" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەست لە کار کێشانەوەی "زاڵمای خەلیل زادی"ی ڕاگەیاند و وتی، "تۆماس ویست" کە پێشتر ڕاوێژکاری کۆشکی سپی بووە، جێگەی "خەلیل زاد" دەگرێتەوە.
"زاڵمای خەلیل زاد" تەمەنی ٧٠ ساڵە و لە "ئەفغانستان" لەدایکبووە، لە سەردەمی "جۆرج بوش" پۆستی باڵای ھەبووە و وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە "کابوڵ" و ھەروەھا لە "بەغداد" و دواتر لە نەتەوە یەکگرتووەکان دیاری کراوە.
لە ساڵی ٢٠١٨شەوە لەلایەن ئیدارەکەی "دۆناڵد تڕەمپ"وە وەک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سەرپەرشتی کردنی دانوستانەکان لەگەڵ "تاڵیبان" دیاری کرا.
"حسێن ئەمیر عەبدولھیان" پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ "ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس" سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامدا و ڕایگەیاند، "تاران" پشتیوانی دانوستانی بەرھەمدار دەکات، ئەگەر ھەموو لایەنەکانیش پابەند بن بە دانوستانەکان ئەوا "تاران"یش پابەندی خۆی دەسەلمێنێت. وتیشی پرسی ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکان نابەستنەوە بە دانوستانەکان چونکە ئەوە بابەتێکی مرۆییە.
ھەر لەو پەیوەندییەدا "گۆتێرێس" ڕایگەیاند، نەتەوە یەکگرتووەکان ھەموو کات پشتیوانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی کردووە و لە دوای کشانەوەی ئەمریکاش ھەمیشە کاری کردووە بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەک بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنە.
"ڕەئیسی" لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، "تاران" ھیچ کات مێزی گفتوگۆی بەجێنەھێشتووە و ھەمیشە گفتوگۆیەکی ویستووە لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوا کە بگەنە ئامانج.
وتیشی، ھەڵگرتنی سزاکان لەلایەن ئەمریکاوە وەک بەڵگەیەکە بۆ جدی بوونیان لەسەر گفتوگۆ ئەتۆمییەکان.
دەستەی ئەرکانی ھاوبەشەی کۆریای باشور ڕایگەیاند، کۆریای باکور مووشەکێکی بالیستی ئاڕاستەی کەناراوەکانی خۆرھەڵات و دەوروبەری شاری "سینبو" کردووە.
"فومیو کیشیدا" سەرۆک وەزیرانی ژاپۆنیش لەو بارەیەوە وتی، دوو مووشەکی بالیستی دۆزراونەتەوە و نیگەرانی دەربڕی لە چالاکییەکانی ئەو وڵاتە لە چەند ھەفتەی ڕابردوودا.
فەرماندەیی زەریای ھندی و ھێمنیش لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمریکا ئیدانەی ئەو تاقیکردنەوەیە دەکات و داوا لە "پیۆنگ یانگ" دەکات دەست لەو چالاکییانە ھەڵبگرێت و سەقامگیری ناوچەکە تێکنەدات و ڕاشیگەیاندووە کە ھیچ ھەڕەشەیەک لەسەر ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی دروست نەبووە.
ئەو تاقیکردنەوەیەی "پیۆنگ یانگ"یش ھاوکاتە لەگەڵ کۆبوونەوەی بەڕێوەبەری و دەزگاکانی ھەواڵگری ئەمریکا و کۆریای باشور و ژاپۆن لە "سیئۆڵ"، بۆ تاوتوێ کردنی چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی کۆریای باکور.