دیمتری پیسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی کرملین رایگەیاند، ناردنی ھێز بۆ ئۆکراین بەھیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندی وڵاتانی رۆژئاوادا نییە، بە باسکردنی ئەو پێشنیارەش ئەگەری روبەڕوبوونەوە زیاتر دەکات، چونکە ئەگەر ھێزەکانی ھاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ" لە ئۆکراین بوونیان ھەبێت، ئەوا روبەڕوبوونەوەی ناتۆ و روسیا لە ئەگەردا نامێنێت، بەڵکو دەبێتە راستی، بۆیە دەبێت خۆیان بیربکەنەوە کە ئایا ئەو ھەنگاوە لە بەرژەوەندییان دەبێت یاخود نا.
ئەو لێدوانەی وتەبێژی کرملین لە وەڵامی لێدوانێکی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا بوو کە وتبووی، ناردنی ھێز بۆ ئۆکراین دوور نییە و شکستی روسیا گرنگە.
لای خۆیەوە، بەرپرسێک لە ھاوپەیمانی ناتۆ رایگەیاند، ھیچ پلانێکیان نییە بۆ ناردنی ھێزی شەڕکەر بۆ ئۆکراین و ناتۆ تەنھا ھاوکاری پێشکەشی ئەو وڵاتە کردووە.
ھەروەھا ئۆلاف شۆڵتس راوێژکاری ئەڵمانیا جەختیکردەوە، ھیچ سەربازێک لە ئەوروپا و وڵاتانی ناتۆوە رەوانەی ئۆکراین ناکرێت.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردووە، تەنھا رۆژی یەکشەممە ٢٩٠ کۆچبەر لەرێگەی کەناڵی ئینگلیزەوە پەڕیوونەتەوە، ئەوەش زۆرترین رێژەی ھاتنی کۆچبەرە لە رۆژێکدا لە مانگی شوباتدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ساڵی رابردو ٢٩ ھەزار و ٤٣٧ کۆچبەر خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا و ئەو ژمارەیەش بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ بەڕێژەی ٣٥% کەمتربووە، کە لەو ساڵەدا ٤٥ ھەزار و ٧٧٤ کۆچبەر پەڕیبوونەوە.
بەمەبەستی رێگریکردن لە ھاتنی کۆچبەران بەشێوەی ناسایی، بەریتانیا چەند رێکارێکی گرتووەتەبەر لەوانەش توندکردنی سنورە ئاوییەکان و زیندووکردنەوەی بڕیاری ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا.
بەپێی ھەواڵی میدیاکانی ئیسرائیل، ٧ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان ھەیە لەو ھەڵبژاردنەدا ٢٤ ھەزار و ٩١٠ کاندید لەرێی ٣ ھەزار و ٧٠٥ لیستەوە رکابەری دەکەن بۆ بەدەستھێنانی ١٩٧ پۆستی سەرۆکی شارەوانیەکان، ٨٠١ کاندیدیش رکاربەری دەکەن بۆ ٤٤ ئەنجومەنی ناوخۆیی.
پڕۆسەکە لە سەعات ٧ی بەیانیەوە دەستیپێکردووە و تا ١٠ی شەو بەردەوامدەبێت، ١٩ ھەزار ئەندامی ھێزە ئەمنییەکان ئەرکی پاراستنی ھەڵبژاردنەکەیان پێسپێردراوە.
بەپێی راپرسییەکانیش پێشبینیدەکرێت بەھۆی جەنگی غەززە و نیگەرانییان لە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە ، رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران لە پرۆسەکەدا بەراورد بە رابردوو کەمببێتەوە، لە ماوەی رابردووشدا بەھۆی جەنگی غەززەوە دووجار ئەو ھەڵبژاردنە دواخراوە.
رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، دوای نزیکەی مانگێک لە بڕیارەکانی دادگای لاھای نێودەوڵەتی سەبارەت بە شەڕی غەززە، کە لەنێویاندا ئیسرائیلی پابەندکرد بە گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی بە خەڵکی غەززە، تائێستا ئیسرائیل پابەندی ھیچ کام لەو بڕیارانەی دادگای لاھای نەبووە.
ھیومان رایتس وۆچ دەشڵێت، ئیسرائیل زیاتر لە دوو ملیۆن ھاووڵاتی مەدەنی غەززە برسی دەکات، ئەمەش مەترسی زیاتر بۆ ئەو وڵاتە لە بەردەم بڕیارەکانی دادگای لاھای دروستدەکات.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، ئیسرائیل جگەلەوەی بەئاشکرا بڕیارەکانی دادگای لاھای پشتگوێخستووە، لە ھەندێک ڕووەوە سەرکوتکردنی خەڵکی غەززەی زیاترکردووە و ھاوکارە مرۆییەکانیشی کەمتر کردووەتەوە.
مەحمود عەباس سەرۆکی فەڵەستین رۆژی دووشەممە فەرمانێکی بۆ قبوڵکردنی دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتی وڵاتەکەی بە سەرۆکایەتی محەمەد ئاشتیە پەسەندکرد.
دوای کۆتاییھاتنی گفتوگۆکانی تایبەت بە غەززە لەنێوان ئیسرائیل و حەماس و راگەیاندنی ئاگربەستی درێژخایەن، چاوەڕێدەکرێت سەرۆکی فەڵەستین حکومەتێکی نوێ لە ژمارەیەک کەسایەتی بێلایەن و خاوەن توانا بۆ بەڕێوەبردنی ھەردوو کەرتی غەززە و کەناری رۆژئاوا پێکبھێنێت.
رۆژی دووشەممە پەرلەمانی ھەنگاریا بە زۆرینەی ١٨٨ دەنگی بەڵێ و شەش دەنگی نەخێر، ئەندامێتی سویدی لە ھاوپەیمانی ناتۆ پەسەندکرد و بووە دواھەمین دەوڵەتی ھاوپەیمانێتییەکە کە داواکارییەکەی سوید پەسەند بکات.
لەگەڵ دەستپێکی ھێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکراین، سوید و فینلەندا لە ئایاری ساڵی ٢٠٢٢دا بەڕەسمی داوای ئەندامێتیان لە ناتۆ کرد، لە نیسانی ساڵی رابردووش فینلەندارەزامەندی سەرجەم دەوڵەتانی ھاوپەیمانێتییەکەی بەدەستھێنا و بووە ئەندامی ناتۆ.
ھەرچەندە لەسەرەتادا سوید روبەڕوی ناڕەزایی تورکیا و ھەنگاریا بووە تا ببێتە ئەندام، بەڵام دواجار ئەو دوو وڵاتەش بەچەند مەرج و گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی ناوخۆییدا، ئەندامێتی سویدیان لە ناتۆدا پەسەندکرد.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە دوای بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی بەرپرسانی یەکەی ھەڵبژاردنی پارێزگاکان، لە ئەنقەرە بە رۆژنامەنووسانی رایگەیاند، دوای بەڕێوەچووانی ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا سەردانی عێراق دەکات و بڕیاریشە لە سەردانەکەیدا، زنجیرەیەک کۆبوونەوە و دیدار لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق ئەنجامبدات.
ھەروەھا، سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ روسیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا، ئەردۆغان راشیگەیاند، پێناچێت بەمنزیکانە سەردانەکەی بۆ روسیا ئەنجامبدات، بەڵام زۆر ناخایەنێت، ئاماژەی بەوەشدا، سەرۆکی روسیا ستایشی ھەڵوێستەکانی تورکیای کردووە لەسەر ئاستی جیھان.
سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق لە کاتێکدایە کە تورکیا و عێراق لەسەر چەند دۆسییەیەک ناکۆکییان ھەیە و دیارترینیشیان دۆسییەی دەستپێکردنەوەی نەوتی ھەرێم و دۆسییەی ئاوە، بڕیاریشە لە سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق ئەو دۆسییانە یەکلاییبکرێنەوە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو بڵاویکردەوە، شەوی شەممەی رابردوو لە سنووری شاری نەوسوودی سەر بە پارێزگای کرماشان ھێزەکانی پاسەوانی سنور، دەستڕێژی گولـلەیان لە کۆڵبەران کردووە و لە ئەنجامیشدا لانیکەم ٢٠ کۆڵبەر برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆڵبەرەکان بە چەکی ساچمەیی راستەوخۆ کراونەتە ئامانج و سەر، سک، پشت، دەست و پێ و شوێنەکانی دیکەیان بریندارکراون، دەستیش بەسەر سەرجەم کۆڵ و کەلوپەلەکانیاندا گیراوە.
سەرچاوە ئەمنییەکان بە ئاژانسی فرانس پرێس و رۆیتەرزیان راگەیاندووە، ئیسرائیل بە دوو بۆردومان شاری "بەعلبەک"ی کردووەتە ئامانج، کە بە پێگەی سەرەکی حزبوڵا دادەنرێت لە رۆژھەڵاتی لوبنان.
دوو سەرچاوەی لوبنانی بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، بەھۆی بۆردومانەکەی ئیسرائیل لە نزیک بەعلبەک لانیکەم دوو ئەندامی حزبوڵا کوژراون.
سەرچاوەیەکی ئەمنیش بە فرانس پرێسی وتووە، یەکێک لە بۆردوومانەکان بینای دامەزراوەیەکی مەدەنی حزبوڵای کردووەتە ئامانج، بۆردوومانەکەی تریش بۆ سەر کۆگایەکی حزبوڵا بووە.
سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاندووە، ھێزەکانیان لە قوڵایی لوبنان بۆردومانیان ئەنجامداوە، کە حزبوڵایان کردووەتە ئامانج، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخەنەڕوو.
ئەوەش لەکاتێکدایە حزبوڵای لوبنانی خستنەخوارەوەی مووشەکێکی ئیسرائیلی لە باشوری لوبنان لە دووری ٢٠ کیلۆمەتر لە سنوری ئیسرائیل، راگەیاند.
روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، لە نزیک روباری فورات لە شارۆچکەی کەسرەی خۆرھەڵات سەر بە پارێزگای دێرەزوور شەڕ و پێکدادان بە چەکی قورس لە نێوان سوپای سوریا و ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) رویداوە، بەڵام تائێستا ھیچ زانیارییەک لەبارەی زیانەکانی ھەردوولاوە بڵاونەکراوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەتا کێشە و ئاڵۆزی لە نێوان چەند خاڵێکی پشکنینی تایبەت بە سوپای سوریا و ھەسەدە دروستبووە، بەڵام گەیشتووەتە تەقەکردن و ھێزەکانی ھەردوولاش بە ژمارەیەکی زۆر گەیشتوونەتە شوێنەکە و شەڕ و پێکدادانێکی قورس دروستبووە.
بڕیارە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە، شێخ تەمیم بن حەمەد ئالسانی ئەمیری قەتەر سەردانی فەڕەنسا بکات و لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە و رەوشی غەززە تاوتوێ بکەن.
ئەو سەردانە لەکاتێکدایە ھەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە چڕ کراونەتەوە و لە ئێستادا پاریس میوانداری دانوستانێک دەکات سەبارەت بە ئاگربەست لەنێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل، قەتەریش رۆڵی گەورە لەو بارەیەوە دەبینێت.
سەرۆکایەتی فەڕەنساش رایگەیاندووە، قەتەر بە تایبەتی کار لەسەر ئازادکردنی بارمتەکان دەکات، کە ئەوە کارێکی لەپێشینەیە بۆیان، چونکە سێ ھاووڵاتی فەڕەنسی لە نێو ئەو بارمتانەدان، کە تا ئێستا لە غەززە لای بزووتنەوەی حەماس و چەکدارە فەڵەستینییەکانی دیکە دەستبەسەرن.
ئەو سەردانەی ئەمیری قەتەر بۆ فەڕەنسا، یەکەم سەردانێتی لەو کاتەوەی دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، لە ماوەی نزیکەی ١١ ساڵی رابردوودا.
میدیاکان لە زاری لێپرسراوانەوە رایانگەیاند، بەھۆی ناڕەزاییەکانی لە جەنگی غەززە، سەربازێکی ئەمریکی لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە واشنتۆن خۆی سوتاندووە و وتویەتی بەشێک نابێت لە کۆمەڵکوژی و ھاواری کردووە فەڵەستین رزگار بکەن.
ھاوکات، ھێزەکانی ئاگرکوژێنەوە بەھانایەوە چوون و ئاگرەکەیان کوژاندووەتەوە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام برینی زۆر لەسەر جەستەی دروستبووە و مەترسی لەسەر ژیانی ھەیە.
وتەبێژی ھێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکاش بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، ئەو سەربازە ئەندامێکی چالاکە لە ھێزی ئاسمانی ئەمریکا، بەبێ ئەوەی زانیاری زیاتر بخاتەڕوو.
باڵیۆزخانەی ئیسرائیلیش رایگەیاندووە، ھیچ ئەندامێکی باڵیۆزخانەکەیان زیانی پێنەگەیشتووە و سەربازە ئەمریکییەکەش ناسراو نییە.
ترەمپ ھۆشداری داوە لە بردنەوەی جۆ بایدن لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا و رایگەیاندووە، ئەگەر بایدن بیباتەوە ئەوا خراپترینەکان رودەدەن چونکە بایدن نازانێت چی روودەدات و چەندین کەسی شکستخواردووی زۆر خراپ لە دەوروبەرین، ئەمەش زیانێکی گەورە بە ئەمریکا دەگەیەنێت دەشڵێت، ئیدارەی ئێستا رێگایەکی کورتکراوەی بۆ وێرانبون گرتۆتەبەر .
ترەمپ تەئکیدیشی کردووەتەوە ئەگەر بایدن ببێتەوە بە سەرۆک، ئەوا پێش ئەوەی جەنگی سێھەمی جیھانیی دەسپێبکات، ئەمریکا دۆڕاوە .
ئەمە لە کاتێکدایە، ترەمپ کە کاندیدی کۆمارییەکانە بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، لە زۆرینەی ئەو ھەڵبژاردنە سەرەتاییانەی لە ویلایەتەکان ئەنجام دەدرێن ، سەرکەوتنی بە دەستھێناوە، لە دواین ھەڵبژاردنی سەرەتاییشدا کە لە ویلایەتی کارۆلینای باشور ئەنجامدرا، ترەمپ سەرکەوت بەسەر نیکی ھایلی رکابەری لە کۆمارییەکان، بەڵام ھایلی دوپاتیکردەوە کە واز لەو شەڕە ناھێنێت و بەردەوام دەبێت لە ھەوڵەکانی بۆ سەرکەوتن بەسەر ترەمپدا.
ئەمریکا و بەریتانیا رایانگەیاند، لە چوارچێوەی بەرگریکردن لە خۆیان و دورخستنەوەی ھەڕەشەی حوسیەکان لە دەریای سور ١٨ پێگەی ئەو گروپە چەکدارەیان لە ناو خاکی یەمەن بۆردومان کردووە کە کۆگای چەک و موشەک و درۆن و سیستمی بەرگری و رادار و ھێلیکۆپتەر بوون.
ھاوکات، وەزارەتی بەرگری بەریتانیا رایگەیاند، چوار فڕۆکەی ئاسمانی شاھانەی ئەو وڵاتە بەشدارییان لە بۆردومان کردنی پێگەکانی حوسییەکان کردووە.
لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکاش رایگەیاند، ئەمریکا درێغی ناکات لە گرتبەری رێکاری پێویست لە بەرگریکردن لە گیانی ھاووڵاتیانی و بازرگانی ئازاد لە یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە ئاویەکان لە جیھاندا.
حوسییەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، لە رێی چەند موشەکێکی دەریایی گونجاوەوە، کەشتی نەوت ھەڵگری "ئێم فی تۆرم سور" ی ئەمریکایان لە کەنداوی عەدەن بۆردومان کردووە، ھاوکات چەند کەشتیەکی جەنگیی ئەمریکیش لە دەریای دەریای سور لە رێی فرۆکەی بێ فرۆکەوانەوە کراونەتە ئامانج .
لەو راگەیەندراوەدا حوسییەکان ھەرەشەی ئەوەیان کردووە کە لە رێی چەندین ئۆپراسیۆنی سەربازی ترەوە روبەروی ئەمریکا و بەریتانیا دەبنەوە لە دەریای سور و دەریای عەرەبی و ئۆپراسیۆنەکانیان بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی جەنگ و دوژمنکاری و گەمارۆ لەسەر کەرتی غەززە ھەڵدەگیرێت .
مەزھەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری ئابوری محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی لە جیھاندا گرنگی پێدەدرێت بۆ بەکارھێنانی وزەی خاوێن وەکو وزەی خۆر بەو پێیەی کە زۆرترین کات خۆر تیایدا دەمێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، عێراق دەچێتە ناو پێگە جیھانیەکان بۆ کەمکردنەوەی غازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن لە رێگەی بەکارھێنان و ھاوردەکردنی غازی سروشتییەوە و یەدەگی غاز لەو وڵاتدا بەرزە و ریزبەندی ١٢ەمینی گرتووە لە جیھاندا.
دەشڵێت، لە ئێستادا حکومەت بیر لە فرەچەشنەکردنی بەرھەمھێنان و ھەناردەکردنی وزە دەکاتەوە و یەکێک لە بابەتەکانیش غازی سروشتییە و ھەناردەی دەرەوەی دەکەن و ھەوڵدەدرێت سوتەمەنی تر لە ناوخۆ بەرھەم بھێنێت.