ئاژانسی هەواڵی تەسنیم کەشوهەوای دانوستانەکانی نێوان نوێنەرانی ئێران و ئەمریکای بە "ئەرێنی" وەسف کرد و رایگەیاند: دانوستانەکان کۆتاییان هات.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی، لە زمانی ئەندامێکی تیمی دانوستانکاری ئەتۆمییەوە بڵاویکردەوە: کەشوهەوای دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا ئەرێنی بووە.

هاوکات عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام پشتڕاستی کردەوە، کە دانوستانەکان لە "کەشێکی بنیاتنەر و ئەرێنیدا" ئەنجام دراون.  ئاماژەی بەوەشکردوە، وەفدەکانی ئێران و ئەمریکا دوای جێهێشتنی دانوستانەکان بۆ ماوەیەکی کورت یەکیان بینیوە و ئاماژەی بەوەدا، ئێران و ئەمریکا "هەفتەی داهاتوو" درێژە بە دانوستانەکانیان دەدەن.

 لای خۆیەوە بەدر ئەلبوسەیدی وەزیری دەرەوەی عومان دوپاتی کردەوە کە دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران لە کەشێکی دۆستانە و بنیاتنەردا بە ئامانجی لێکنزیککردنەوەی دیدگاکان لە یەکترەوە بەڕێوەچووە.

 ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ یارمەتیدان بۆ گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری. هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە، مەسقەت بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەر لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا ناوبژیوانی دەکات.