راگەیەندراوێک لە عەباس عراقچیەوە لەسەر دانوستانەکانی ئەمڕۆی ئێران و ئەمریکا
رەوەز
١٢ی نیسانی ٢٠٢٥
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند کە وڵاتەکەی و ئەمریکا نزیکن لە گەیشتن بە رێککەوتنێک لەسەر ناوەرۆکی دانوستانەکانیان سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران.
ئەمڕۆ شەممە، دوای کۆتاییهاتنی گەڕی یەکەمی دانوستانەکان لە مەسقەتی پایتەختی عومان، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "ئەمریکا دەیەوێت بە زووترین کات رێککەوتنێکی نوێ و ئەرێنی لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران بکات".
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە کە "ئەوە کارێکی ئاسان نییە، بەڵکو پێویستی بە ویست و نیازپاکی هەردوو لایەنی بەشداربوو لە کۆبوونەوەکە هەیە".
بەپێی ئاژانسی (تەسنیم)ـی ئێران، دانوستانەکان لە نێوان شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عراقچی و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دراون و ئەرێنی بوون.
ئاژانسەکە رونی کردووەتەوە کە دانوستانەکانی گەڕی یەکەم بە شێوەییەکی ناڕاستەوخۆ بەڕێوە چوون، دوو کاتژمێریان خایاندووە و لە دوو هۆڵی جیاواز ئەنجام دراون.
عراقچی هەروەها رایگەیاند کە دانوستانەکانی نێوان هەردوو وڵات هەفتەی داهاتوو بەردەوامیان دەبێت.