چین هەوڵی دروستكردنی كۆدەنگی نێودەوڵەتی دژی ئەمریكا دەدات
١٢ی نیسانی ٢٠٢٥
چین و ئیسپانیا هەوڵەكانیان دژی بڕیارەكانی سەرۆكی ئەمریكا یەك دەخەن و روبەڕووی ئاڵنگارییە ئابوورییەكان دەبنەوە.
پیدرۆ سانچێز سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا بەسەردانێك گەیشتە چین و لەگەڵ شی جین پینگ سەرۆكی ئەو وڵاتە كۆبوویەوە.
هەردوولا جەختیان لە كاركردن بۆ بنیاتنانی هاوبەشییەكی بەهێزتر كردەوە بۆ روبەڕوبونەوەی ئاڵنگارییەكان لە پەراوێزی سەپاندنی زیاتری باج بەسەر چین و یەكێتی ئەوروپا لەلایەن ئەمریكاوە.
بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەشدا سەرۆكی چین هەوڵەكانی بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی سەپاندنی باج دەستپێبكات و سەردانی هەریەك لە وڵاتانی مالیزیا و كەمبۆدیا و ڤێتنام بكات.
هەر لە چوارچێوەی هەوڵەكانی چین بۆ بەهێزكردنی كۆدەنگی لەسەر بەگژاچوونەوەی بڕیاری باجەكان، وەزیری بازرگانی ئەو وڵاتە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هەریەكە لە هاوتاكانی لە یەكێتی ئەوروپا، مالیزیا، سعودیە و باشووری ئەفریقا ئەنجامدا.