بەگوێرەی راپۆرتێکی نوێی کۆمسیاری باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ماوەی دوای روخانی رژێمی ئەسەد لە 8ـی کانونی دووەمی 2024، نزیکەی یەک ملیۆن و 400 هەزار هاووڵاتی سوری گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.

لە کۆی ئەو ئامارە، 400 هەزار هاووڵاتی سوری لە وڵاتانی دراوسێوە گەڕاونەتەوە، لەگەڵ زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارەی ناوخۆیی کە گەڕاونەتەوە شوێنی نیشتەجێبونی خۆیان.

هەرچەندە کۆمسیاری باڵا هۆشداری داوە کە لە ساڵی 2025دا رەنگە یەک ملیۆن و 500 هەزار کەسی دیکە نەتوانن بگەڕێنەوە بەهۆی کەمی بودجەوە. ئەم کێشەیە دەکرێت وا لە هاووڵاتیانی سوری بکات جارێکی دیکە ناچار بن وڵاتەکەیان بەجێبهێڵن.

بەپێی راپۆرتەکە، نزیکەی 16 ملیۆن 700 هەزار کەس لە ناوخۆی سوریا، کە دەکاتە 90%ی دانیشتوان، پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە، هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە زیاتر لە 7 ملیۆن 400 هەزار سوری لە ناوخۆی وڵاتەکەیان ئاوارەن.

نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر ئاشکرای کرد کە ئۆپەراسیۆنێکی بۆ گەڕاندنەوەی یەک ملیۆن و 500 هەزار پەنابەر و دوو ملیۆن ئاوارەی ناوخۆیی لە ساڵی 2025 دەستپێکردووە، بەڵام تا ئێستا تەنها 71 ملیۆن دۆلار لەو 575 ملیۆن دۆلارە بۆیان تەرخانکراوە، خەرج کراوە.