سەرۆکی ئەمریکا: ئێران لە دروستکردنی درۆندا رووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە
دیلان
٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
لە ئاستێکی نوێی ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتن و تاران، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەم زووانە ئێران دەچێتە سەر "لیستی سەرکەوتنەکانی ئەمریکا"، جەختیشی کردەوە، وڵاتەکەی تواناکانی هێزی ئاسمانی و دەریایی ئێرانی تێکشکاندووە.
لە وتارێکدا دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەهۆی کەمیی کارەباوە، ئێران لە ئێستادا رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە لە دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (دڕۆن)، هەروەها دووپاتیشی کردەوە، واشنتن بە هیچ جۆرێک رێگە نادات تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
لە لایەکی ترەوە و بەپێی ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا نامەیەکی ئاڕاستەی موحسین رەزایی، راوێژکاری موجتەبا خامنەیی کردووە تا تاوتوێی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بکەن، بە مەبەستی رێگریکردن لە ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی نوێی ئەمریکا بۆ سەر ئەو وڵاتە.
هاوکات سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، لێپرسراوانی ئەمریکا هۆشدارییان داوەتە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە خۆیان بۆ ئەگەری وەشاندنی زەبر و هێرشی سەربازیی نوێ بۆ سەر ئێران ئامادە بکەن.



