شەش گەنجی تر لە لیبیاوە گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان
بڵند
٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم، ئەمڕۆ شەش گەنجی کورد لە لیبیاوە گەڕێندرانەوە هەرێم و 14 گەنیتریش رێکارەکانیان تەواو بووە بۆ ئەوەی بەگەرێندرێنەوە، هەوەڵەکانیش بۆ دۆزینەوەی چارەنوسی 10 گەنجی ونبوی راپەڕین بەردەوامن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ بەدەنگەوەهاتنی کەیسی کۆچبەران، شەش گەنجی تری دانیشتوی دەڤەری راپەڕین دوای رزگارکردنیان لە لیبیا، بەسەلامەتی و بە یاوەریی نوێنەری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات، لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە راسپێردرابوون تا رێکاری بەپەلە بۆ دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی ئەو گەنجانە بگرنە بەر، کە پێشتر هەواڵی بێسەروشوێنبوونیان بڵاوکرابوەوە.
دوای گەیشتنەوەی گەنجەکان، لە فڕۆکەخانە، تیمەکانی وەزارەتی ناوخۆ بە تەواوی ئامادەکارییەوە پێشوازییان لێکردن و دوای ئەنجامدانی پشکنین و چارەسەری پێویستی پزیشکی لەلایەن تیمە تەندروستییەکانەوە، بەسەلامەتی ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرانەوە.
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان دەڵێت؛ 14گەنجی دیکەی هەمان ناوچە لە زیندانەکانی لیبیادا دۆزراونەتەوە و کارگێڕییەکانی ئازادکردن و گەڕاندنەوەیان دەستی پێکردووە تا لە چەند رۆژی داهاتودا بگەڕێندرێنەوە نیشتمان و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی چارەنوسی 10 گەنجی ونبوی راپەڕین بەردەوامن.
ناوەندەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئاستی کۆچکردن لە چەند مانگی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بەجۆرێک بەکارهێنانی ڕێگەی لیبیا بۆ کۆچکردن بە رێژەی 87٪ کەمی کردووە و هەوڵەکانی حکومەتیش لەم بارەیەوە بەردەوام دەبن.


