مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە هاوپەیمانێتییەکەیان لەگەڵ وڵاتانی کەنداوی عەرەب لە تاقیکردنەوەکاندا  سەرکەوتووانە لێی دەرچوو، ئاماژەی بەوەش کرد گەروی هورمز موڵکی هیچ دەوڵەتێک نییە.

لەمیانی سەردانیکردنی بۆ بەحرەین، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان گرنگییەکی زۆری هەیە و ئامانجی هاوبەشیان چەسپاندنی سەقامگیری و ئاسایشە لە ناوچەکەدا، بەو پێیەی ئێستا دەچنە قۆناغێکی نوێوە کە هیوادارن بەرەو ئاشتی هه‌نگاو بنێت. 

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، واشنتن بە هاوکاریی هاوبەشەکانی هەوڵدەدات دیالۆگێکی بونیادنەر لە پێناو گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێراندا پەرەپێبدات،.

ناوبراو رایگەیاند، ئەگەر تاران بیەوێت واز لە هەناردەکردنی ئایدیۆلۆژیاکەی بهێنێت و سەرنج بخاتە سەر خۆشگوزەرانی گەلەکەی، ئەوا ئەمریکا ئامادەیە هاوکاریی بکات.

سەبارەت بە رەوشی دەریاوانی لە ناوچەکەدا، رۆبیۆ ڕوونی کردەوە، کە گەروی هورمز رێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتییە و هیچ دەوڵەتێک خاوەندارێتی ناکات، بۆیە هیچ وڵاتێک مافی ئەوەی نییە باج یان تێچووی تێپەڕبوون بەسەر کەشتییەکاندا بسەپێنێت.