رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی: ئێران ئامادەکاری بۆ هێرشێکی هاوشێوەی 7ی ئۆکتۆبەر دەکات
بڵند
٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست لە راپۆرتێکدا بەپشتبەستن بە هەڵسەنگاندنە ئەمنییەکانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئێران لە هەوڵی ئەوەدایە هێرشێکی بەرفراوان هاوئاهەنگ لە چەندین بەرەی جیاوازەوە دژی ئیسرائیل ئەنجام بدات.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردوە، ئێران دەیەوێت هێرشەکە هاوشێوەی روداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەر بێت، بەڵام بە بەشداری راستەوخۆی سەرجەم لایەنە نزیکەکانی ئێران.
بەپێی زانیارییەکان، تاران کار بۆ ئەوە دەکات هێزەکانی خۆی لەگەڵ حزبوڵای لبنانی، حەماس، حوسییەکانی یەمەن و گروپە چەکدارەکانی عیراق لە چوارچێوەی یەک هەڵمەتی سەربازیی هاوبەشدا کۆبکاتەوە.
لە کاتێکدا لە هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری حەماسدا میحوەرەکانی تر بە تەواوی لە یەک کاتدا بەشدار نەبوون، بەڵام بەڵگەنامە دۆزراوەکانی دەستی ئیسرائیل لە غەززە ئاشکرایان کردووە، یەحیا سنوار لە مێژبووە هەوڵی یەکخستنی ئەندامانی میحوەرەکەی داوە.
راپۆرتەکەی ئۆرشەلیم پۆست جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئێستاش ئێران بەجددی خەریکی رێکخستنی پەیوەندییەکان و ئامادەکارییە بۆ روبەڕوبونەوەیەکی سەربازیی گشتگیر دژی ئیسرائیل.


