بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان دوکانێکی ماستفرۆشی داخرا
١٠ی ئابی ٢٠٢٥
لە چوارچێوەی گەڕان و پشکنینە بەردەوامەکاندا، تیمەکانی چاودێری تەندروستیی راپەڕین دوکانێکی ماستفرۆشیان داخست و سزای داراییشیان بەسەردا سەپاند.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ی ئابی 2025، تیمەکانی چاودێری تەندروستیی ئیدارەی راپەڕین، سەردانی ژمارەیەک چێشتخانە، فرۆشگا، کارگە و ماستفرۆشیان لە سنووری گوندەکانی گردجان، قەرەنیاغا و کانی ماران کرد بەمەبەستی پشکنین و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی مەرج و رێنماییە تەندروستییەکان.
لە ئەنجامی پشکنینەکاندا، یەکێک لە فرۆشگاکانی فرۆشتنی ماست بەهۆی پابەندنەبوون بە مەرج و رێنماییە تەندروستییەکانەوە، بڕیاری داخستن و غەرامەکردنی بۆ دەرچوو.
هەر لە هەڵمەتەکەدا، دەست بەسەر بەفرگرێکدا گیرا کە بڕێکی زۆر ماستی تێدابوو و بەهۆی خراپبوونیەوە بۆگەنی کردبوو. لە بەرامبەردا، دەستخۆشی لەو شوێنانە کرا کە پابەندی ڕێنماییەکان بوون.