وەزارەتی تەندروستی عیراق: زیاتر لە 600 کەس بەهۆی بڵاوبوونەوەی گازی کلۆرەوە توشی تەنگەنەفەسی بوون
رەوەز فازیل
١٠ی ئابی ٢٠٢٥
بەهۆی بڵاوبوونەوەی گازی کلۆرەوە زیاتر لە 600 زیارەتکاری چلەی ئیمام حوسێن توشی تەنگەنەفەسی بوون.
وەزارەتی تەندروستی عیراق رایگەیاند، بەهۆی بڵاوبونەوەی گازی کلۆرەوە لە فەرمانگەیەکی ئاو لەسەر رێگای کەربەلا-نەجەف، 621 کەس بەهۆی هەڵمژینی ئەو گازەوە توشی تەنگەنەفەسی بوون، ئەو کەسانەش بەڕێگاوە بوون بۆ بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرجەم ئەو کەسانەی کە بەهۆی هەڵمژینی ئەو گازی کلۆرەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراون ، چارەسەری پێویستیان وەرگرتووە و پاش جێگیربوونی رەوشی تەندروستیان نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە.
نەسیب ئەلخەتابی پاریزگاری کەربەلا لە شوێنی روداوەکەوە رایگەیاند، تیمەکانی بەرگری شارستانی بە خێرایی توانیویانە چارەسەر ئەو کێشەیە لە فەرمانگەی ئاوی نێوان پارێزگای نەجەف و کەربەلا بکەن، هەروەها ستایشی تیمەکانی فریاکەوتنی خێرا و بەرگری شارستانی کرد بەهۆی خێرا وەلامدانەوەیان بۆ ئەو روداوە.