لێپرسراوانی حکومەتی ئێران رایانگەیاند، 48 کاتژمێرە پێدانی ئاو لە چەند ناوچەیەکی تارانی پایتەخت راگیراوە  و هۆشداریشیان داوە لەوەی نەتوانرێت مانگی داهاتوو ئاو بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشبکرێت.

محمەد سادقی وتەبێژی دەستەی ئاوی تاران بە ئاژانسی هەواڵی ئیسنای راگەیاند، دەبێت ئەوە رونبێت بۆ دانیشتوانی تارانی پایتەخت بابەتەکە تەنها کەمی ئاو نیە بەڵکو مەترسی نەمانی ئاوە  لە پایتەختدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەی کەم ئاوی چارەسەرێکی ئەوتۆی نیە جگە لە کەمکردنەوەی پێدانی ئاو بە دانیشتوانی تاران و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی، هەروەها حکومەت هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە دەکات، لە رێگەی گواستنەوەی ئاوی کۆگای تاڵقان لە باکوری رۆژئاوای تاران.

سادقی جەختیشیکردەوە، داهاتی ئاو هێندە کەم و سنوردارە پێدەچێت نەتوانرێت مانگی داهاتوو ئاو بە هاووڵاتیان بدرێت.

پێشتریش مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، هۆشداریدا لە وشکبوونی ئەو بەنداوانەی کە ئاو بۆ تارانی پایتەخت دابین دەکەن، لە ئەگەری کەمنەکردنەوەی بەکارهێانی ئاو لەلایەن هاووڵاتیانەوە.