زیاتر لە ٤٥ رۆژە ئیسرائیل هێرشەكانی بۆ سەر باشوری لوبنان چڕكردووەتەوە
لاوان
١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
هێرشە ئاسمانی و زەمینییەكانی ئیسرائیل بۆ سەر باشوری لوبنان بەردەوامە، حزبوڵاش دەڵێت، تائێستا ئیسرائیل نەیتوانیوە یەك گوندی باشوری لوبنانیش داگیربكات .
محەمەد عەفیف لێپرسراوی راگەیاندنی حزبوڵا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ماوەی زیاتر لە 45 رۆژە ئیسرائیل هێرشەكانی بۆ سەر باشوری لوبنان چڕكردووەتەوە، بەڵام تائێستا نەیتوانیوە یەك گوندی باشوری لوبنان داگیربكات.
ئەوەشی خستەڕوو، چەك و كەرستەی سەربازی پێویستیان لەبەردەستە و ئامادەی جەنگی درێژخایەنن دژی ئیسرائیل لەسەرجەم ئاستەكاندا، بەتایبەتی لە ناوخۆ و دەرەوەی لوبنان.
ئەو لێپرسراوەی حزبوڵا ئاماژەی بەوەشدا، تائێستا بەرەسمی هیچ دەستپێشەخەرییەكیان بۆ راگرتنی جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل پێنەگەیشتووە، جەختی لەوەشكردەوە، پەیوەندییەكانیان لەگەڵ بەرەی مقاومە پتەوە و هیچ لایەنێك ناتوانێت ئەو پەیوەندییە لاوازبكات.