ئەمریكا: حەماس رێگری لەبەردەم ئاگربەستی غەززە دروستدەكات
شنیار
١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا رایگەیاند، بزوتنەوەی حەماس رێگری لەبەردەم رێككەوتنی راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە دروستدەكات .
جیك سۆلیڤان راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا ئاماژەی بەوەكرد، ئەمریكا هەڵسەنگاندن دەكات بۆ ئەوەی بزانێت ئیسرائیل تا چی ئاستێك هەنگاوی ناوە بۆ باشكردنی رەوشی مرۆیی لە غەززە ، ئەوەش لە دوای ئەوەی لە 13ـی تشرینی یەكەمدا ئیدارەكەی بایدن كۆمەڵێك هەنگاوی بۆ ئیسرائیل دیاریكرد كە پێویستە لە ماوەی 30 رۆژدا بینێت بۆ باشكردنی رەوشی مرۆیی لە غەززە.
سەبارەت بە راگەیاندنی ئاگربەستیش لە غەززە، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا رایگەیاند، بزوتنەوەی حەماس رێگرە لەو هەنگاوە .
لای خۆیەوە، ئوسامە حەمدان سەركردە لە بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، ئیسرائیل بە چاوپۆشی ئەمریكا رێگری دەكات لە گەیشتن بە ئاگربەست و هەموو ئەو كۆمەڵكوژی و تاوانانەش كە ئیسرائیل لە غەززە ئەنجامی دەدات بە پشتگیری و هاوبەشی ئەمریكا و چەند وڵاتێكی ئەوروپیە، داواشی كرد باڵیۆزەكانی ئیسرائیل لە وڵاتانی عەرەبی دەربكرێن.