ترەمپ: پۆمپیۆ و نیكی هایلی بەشدار نابن لە ئیدارەی نوێی ئەمریكا
لاوان
١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا رایگەیاند، مایك پۆمپیۆ وەزیری پێشووی دەرەوە و نیكی هایلی باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە نەتەوەیەكگرتووەكان بەشدار نابن لە ئیدارەی نوێی وڵاتەكە.
دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی " تروس سۆشیاڵ" جەختیكردەوە، مایك پۆمپیۆ و نیكی هایلی بەشێك نابن لە ئیدارەی نوێ و سوپاسی كردوون كە پێشتر خزمەتی وڵاتیان كردووە.
پۆمپیۆ و نیكی هایلی لە خولی یەكەمی دۆناڵد ترەمپ لە پۆستی سەرۆكی ئەمریكادا، لەنێوان ساڵانی 2017 بۆ 2021، رۆڵی سەرەكییان هەبوو لە داڕشتنی كارنامەی ئیدارەی ناوبراو و بەشێك بوون لەو ستراتیژییەی ترەمپ بەرامبەر چین و ئێران پەیڕەوی كرد.
ئەوەش لەكاتێكدایە، ترەمپ هەنگاوەكانی بۆ پێكهێنانی ئیدارەی نوێی ئەمریكا دەستپێكردووە و بەپێی زانیارییەكانی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز، ترەمپ تیمەكەی راسپاردووە بە كشانەوە لە رێككەوتنی كەشوهەوای پاریس و كەمكردنەوەی قەبارەی هەندێك لە شوێنەوارە نیشتمانییەكانی ئەمریكا .