ماوەی هەفتەیەكە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان لە باكوری كوردستان دژ بە دانانی قەیوم بەردەوامە


بەپێی میدیاكانی باكوری كوردستان، ماوەی هەفتەیەكە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان لە باكوری كوردستان دژ بە دانانی قەیوم، لە جێگەی سەرۆكی شارەوانییەكان بەردەوامە، هێزە ئەمنییەكانی توركیاش رووبەڕووی خۆپیشاندەران بونەتەوە.


بەكر كاراكەچلی هاوسەرۆكی رەحای دەم پارتی رایگەیاند، لە دژی سەپاندی قەیوم لە بەرخۆداندا دەبن، چونكە ئەو بڕیارە نایاساییە و  ناتوانن بە گەمارۆدانەكانیان بێزاریان بكەن. تا بمێنن بەرگری لە مافی خەڵك دەكەن.


بەپێی هەواڵی میدیاكانی باكوری كوردستان، لە درێژەی خۆپیشاندانەكاندا تائێستا زیاتر لە ٢٠٠ كەس لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراون.


ئەوەش لە كاتێكدایە بە بڕیاری وەزیری ناوخۆی توركیا زیاتر لە ١٠ رۆژە سەرۆكایەتیی سێ شارەوانیی باكوری كوردستان دوورخراونەتەوە و قەیوم لە جێگەیان دانراوە.