بەلجیکا و سوید داوای توندکردنەوەی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران دەکەن
کوردسات نیوز
١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣
دوای دوو ڕۆژ لە ھێرشێک بۆ برۆکسل کە کوژرانی دوو کەسی لێکەوتەوە، "ئەلێکساندەر دی کرۆ" سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا و "ئۆڵف کریستێرسۆن" سەرۆک وەزیرانی سوید جەختیانکردەوە لەسەر پێویستی باشتر پاراستنی سنوورەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا و پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی تۆکمەتر و ھەماھەنگتر بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرانەی کە مافی پەنابەرێیان لەو وڵاتانە رەتکراوەتەوە.
بەلجیکا و سوید داوایانکردووە پاراستنی سنوورەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بەھێزتر بکرێن و ڕێوشوێنەکانی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی نایاساییش توندتر بکرێنەوە.
راشیانگەیاند، دەبێت چارەسەری ئەو کێشەیە بە زووترین کات بکرێت و ئەو کێشەیەش چارەسەر نابێت تا ھەمووان پێکەوە ھەماھەنگ نەبن.
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی ئەوروپاش تا ئێستا لەمساڵدا ٦٥ ھەزار کەس لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا دیپۆرتکراونەتەوە و ساڵانەش نزیکەی ٤٠٠ ھەزار فەرمانی دیپۆرتکردنەوە لە ئەوروپا دەردەکرێت.